رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو سەندیکای پارێزەران لەبارەی وەرگرتنی کرێی 'ماندووبوونی پارێزەرایەتی' نووسراوێک ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دەکەن. بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی زانایانی ئایینیش دەڵێت: "فەتواکە جێگیرە و بێ کەموکورتییە."
رۆژی چوارشەممە 08-11-2023 مەلا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "31ـی مانگی رابردوو سەندیکای پارێزەران سەردانیان کردین لەبارەی فەتوایەکی ئەنجوومەنەکە کە وەرگرتنی کرێی ماندوبوونی پارێزەرایەتی حەرام کردووە، بەڵام ئەو فەتوایە لە میدیا وەک خۆی نەگەیشت."
لەبارەی فەتواکە، مەلا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی دەڵێت، "بۆ نموونە دوو کەس لە دادگە کەیسێکیان هەیە، هەردوولا پارێزەریان گرتووە، کە لایەنێکیان سکاڵاکەی دۆڕاند، جگە لەوەی پارەی پارێزەرەکەی خۆی دەدات لە بەرامبەر ماندووبوونی پارێزەری بەرامبەر بڕە پارەیەک بەوی دیکەش دەدات، ئەنجوومەن دەڵێت، ئەو پارەیە حەرامە."
فتواکەی سەندیکای پارێزەران کاردانەوەی پارێزەرانی لێکەوتەوە، بەڵام شێرکاوەیی رەتیکردەوە لە فتواکەیان پاشگەز ببنەوە و گوتی، "فەتواکە بێ کەموکورتییە و روانگەی شەرعی خستووەتەڕوو و حەرامە کەسی دۆراو پارە بە پارێزەری براوە بدات، چونکە ئەو کەسە هیچ مامەڵەیەکی لەگەڵ پارێزەری بەرامبەر نەبووە تاوەکو ئەگەر کەیسەکە بباتەوە پارەی پێبدات."
بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، بە سەندیکای پارێزەرانیان گوتووە، هەر روونکردنەوەیەکتان هەیە، بە نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی بکەن و وردبینی دەکرێت، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە فەتواکە جێگیرە.
ئارام گەردی، گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەردانی ئەنجوومەنی فەتوایان کردووە و هەموو روونکردنەوەیەکیان لەبارەی وەرگرتنی کرێی ماندووبوونی پارێزەرایەتییان پێداون و ئەوەی بۆیان روونبووەتەوە ئەنجوومەنەکە لەبارەی ئەو بابەتە زانیاری تەواوی نەبووە و تەنیا چەند پارێزەرێک رۆشتوون و پرسیاریان ئاراستەکردوون و ئەوانیش فەتوایان دەرکردووە.
بەگوتەی گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، هەفتەی داهاتوو نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دەکەن و هەموو وردەکارییەکانی وەرگرتنی کرێی پارێزەرایەتییان بۆ رووندەکەنەوە و دواتر چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەبن بۆ ئەوەی وەڵامیان بدەنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023 ئەنجوومەنی باڵای فەتوا رایگەیاند، وهرگرتنی كرێی ماندووبوونی پارێزهرایهتی (أتعاب المحاماه) لهو كهسهی ههموو دۆسیەکەی یان بهشێكی دۆڕاندووه، حهرامه.
هەر ئەوکات، ئارام گەردی، گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوتبوو، "وهرگرتنی كرێی ماندووبوونی پارێزهرایەتی، بەگوێرەی یاسای پارێزەرایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە 17ـی 1999 بۆ هەندێک دۆسیەی مەدەنی دیاریکراوە و لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە، کە ئەوکات مامۆستای ئایینیشی لێبووە."
بە گوتەی گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، زۆربەی پارێزەرەکان ئەو پارەیە هەر وەرناگرن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ئەوە "حەرام بێت" بەڵکو لە یاسای وڵاتانی ئیسلامیی میسری و سعودیش هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ