حیزبی سۆسیالیست بەربژێرەکانی لە بەرژەوەندیی پارتی دەکشێنێتەوە

08-10-2021
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پێشوەخت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان 10 بەربژێری لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کشاندەوە و پشتگیری لە بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی باڵای حیزبی سۆسیالیست دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان 10 بەربژێری لە هەر سێ پارێزگاکە دەکشێنێتەوە، هەروەها حیزبەکە پشتیوانی بەربژێرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و داوا لە ئەندام و لایەنگرانیان دەکات لەو بازنانەدا دەنگ بە بەربژێرانی پارتی بدەن.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک کۆبوونەوە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و رێکخستنەکان و پێشمەرگە دێرینەکانی ئەو حیزبە ئەنجام دراون و جەختکراوەتەوە کە پێویستە هەمووان بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و پشتیوانی لە بەربژێرەکانی پارتی بکەن.
 
حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بازنەکانی بەمشێوەیە دابەشدەبن:
 
پارێزگای هەولێر: لە بازنەکانی 2،3،4 کشاونەتەوە
 
پارێزگای سلێمانی: لە بازنەی 1،3،4،5 کشاونەتەوە
 
پارێزگای دهۆک: لە بازنەکانی 1،2،3 کشاونەتەوە
 
ئەمڕۆ 08-10-2021 دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن رێژەی بەشداریکردنی لە دەنگدان بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای هەولێر 75٪، لە سلێمانی 78٪ و لە دهۆک 69٪ـە. هەروەها لە کەرکووک 62٪ و لە نەینەوا 70٪ـە.
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، تێكڕای رێژەی بەشداریکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق 69٪ـە، هەروەها بەرزترین رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای بابل 80٪ـە و نزمترینیش لە پارێزگای ئەنبارە کە 59٪ـیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە