بەرپرسێکی پارتی سۆسیالیست: نزیکەی 5000 پێشمەرگەمان هەیە

08-08-2022
ئەحمەد حەمید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یادی دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە گوڵەخانە نمایشێکی سەربازی بەڕێوەچوو. سکرتێری گشتیی سۆسیالیست دیموکرات دەڵێت، پێشمەرگەکانیان هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.
 
لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، کۆبوونەوەی لایەنەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی  و دانانی بەردی بناخەی ژمارەیەک پرۆژە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو لە هەولێر باسکران.
 
پارتی سۆسیالیستی کوردستان ساڵی 1976 دوای جیابوونەوە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرا و خەباتی چەکداریی لە دژی رژێمی بەعس راگەیاند، ئەمڕۆ لە یادی 46 ساڵەی دامەزراندنی حیزبەکەدا بە ئامادەبوونی محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان نمایشێکی سەربازی لە شارەزوور بەڕێوەچوو.
 
پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دوای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرترین پێشمەرگەی حیزبیی هەیە.
 
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالیست دیموکرات لەبارەی نمایشە سەربازییەکە رایگەیاند، "بەهۆی ئەو مەترسییانەی لەسەر کوردستان هەیە، ئەو نمایشە سەربازیەیان لە یادی دامەزراندنی حیزبدا رێکخستووە. بە گوتەی محەممەد حاجی مەحموود، پێشمەرگەی سۆسیالیست هەمیشە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و لە هەر شوێنێک پێویست بکات پێشمەرگەکانیان ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان."
 
فاتیح رەئووف، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا گوتی، "ئەو مانۆڕە سەربازیەی کردوومانە بۆ ترساندنی هیچ لایەنێک نییە، هەمیشە پێشمەرگەکانمان ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە کوردستان، دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە حیزبەکان هێزەکانیان هەڵوەشێننەوە."
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا زیاتر لە 4500 تاوەکو 5000 پێشمەرگەمان هەیە، بەشێکی ئەو پێشمەرگانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێکخراونەتەوە."
 
لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئەو پێشمەرگانەوە، فاتیح رەئووف ئەوەی خستەڕوو، بەشێکیان خانەنشینن و بەشێکیان لەلایەن پارتی سۆسیالیستەوە پاڵپشتی دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان خۆبەخشن.
 
سەبارەت بە سەرچاوەی دابینکردنی چەک و جبەخانەکانی هێزەکانی پارتەکەی، ئەو بەرپرسەی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی، "بەشێکی ئەو چەکانە هی سەردەمی ئازادیی عێراقە، لەو کاتەدا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی سۆسیالیستەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەشێکی دیکەیان لەکاتی شەڕەکاندا و بەتایبەتی لە کاتی شەڕی داعشدا لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە هێزەکانمان دراوە."
 
فاتیح رەئووف، ئاماژەی بەوەش کرد، "داوامان کردووە هێزەکانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکبخرێتەوە."
 
فەوزی هەریری: 10ی ئاب لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کەسی یەکەمی زۆربەی حیزبەکان کۆدەبنەوە
 
رۆژی چوارشەممە، 10ی ئەم مانگە، بە سەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی پلاسخارت، کەسی یەکەمی بەشێک لە حیزبەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و بڕیار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدەن.
 
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە و رۆژی چوار شەممە، 10ی مانگ، کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.
 
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کەسی یەکەمی بەشێک لە حیزبەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمە دەبێتە دووەم کۆبوونەوەی لایەنەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. لە یەکەم کۆبوونەوەی لایەنەکان لە 9ی مانگی شەش بڕیاردار سكرتاریه‌تێك پێكبهێندرێت له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوئاهەنگی له‌گه‌ڵ تیمی یونامی "بۆ به‌دواداچوون و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌‌كان و‌ تاوەکو 1ی ته‌ممووزی 2022 راپۆرتێك لەوباره‌یه‌وه‌ ئاماده‌ بكات."
 
نێچیرڤان بارزانی هەروەها 3ی ئەم مانگە لە گوتارێکدا داوای لە لایەنەکان کرد لەسەر پرسی هەڵبژاردن رێکبکەون تاوەکو چیدیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوانەخرێت.
 
ژمارەیەک پرۆژە بۆ رێگریکردن لە لافاو لە هەولێر دروستدەکرێن
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژەی بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو دانا و رایگەیاند، "پرۆژەکان دروستکردنی دوو پرد، فراوانکردنی پردێک، کردنەوەی رێڕەوی ئاوی باغەمرەی شەهاب و شێوەسوور لەخۆدەگرێت."
 
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، پرۆژەکان لەسەر بودجەی پارێزگا بە گوژمەی یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار لە ماوەی 130 رۆژدا تەواو دەکرێن.
 
ئومێد خۆشناو جەختی لەوەش کردەوە، بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو لە رۆژانی داهاتوو چەند پرۆژەیەکی دیکەش دەستپێدەکەن.
 
بەهۆی دروستبوونی لافاو لە زستانی ساڵی رابردوو لە هەولێر و دەوروبەری 12 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و سەتان خانوو و ژمارەیەک پرۆژی خزمەتگوزارییش زیانیان پێگەیشت.
 
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا گوتی، ئەو پرۆژانە کاریگەریی لافاو لەسەر شاری هەولێر و دەوروبەری کەم دەکاتەوە، پرۆژەکان بە گوژمەی ملیارێک و 300 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن.
 
جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی، "ئەو سێ پرۆژەیە ئێستا جێبەجێ دەکرێن لەو جێگایانە کە ساڵی پێشوو کاریگەرییان لەسەر بووە و کاریگەریی لافاو کەم دەکەنەوە، پڕۆژەکان قۆناخی باشیان بڕیوە و پێش وەرزی زستان کارەکانیان تەواو دەکرێت."
 
مەسعود کاڕەش ئەوەیشی خستەڕوو، بودجەیەکی تایبەت لە پارێزگای هەولێر تەرخانکراوە بۆ خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە