رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی هەولێر - مەخموور رووداوێکی سەختی هاتووچۆ روویداوە، بەگوتەی شایەتحاڵێک لە رووداوەکە سێ کەسی یەک خێزان گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن.
رۆژی شەممە 08-07-2023 عەبدوڵڵا هیتوتی، شایەتحاڵ لە شوێنی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رێگەی هەولێر-مەخموور رووداوێکی هاتووچۆ روویداوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکە برینداربوون".
بەگوتەی شایەتحاڵەکە، ئەو سێ کەسەی گیانیان لەدەستداوە ئەندامی یەک خێزان بوون کە دایکێک، باوکێک و منداڵێکیانن، منداڵەکە تەمەنی 12 ساڵە.
عەبدولڵا هیتووتی گوتی: "ئەو ئۆتۆمبێلە خۆی لە تاسە داوە بۆیە تووشی رووداوەکە بووە، ئەو ئۆتۆمبێلە شەش کەسی تێدا بووە و جگە لە گیانلەدەستدانی سێ کەسەکە، سیانەکەی دیکەشیان بریندار بوون".
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە بارەی رووداوەکە لە راگەیێندراوێکدا لە رایگەیاند: "رووداوەکە کاژێر 8:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای سەرەکی هەولێر-مەخموور لە نزیک زورگەزراو روویداوە."
بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر: "ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری جێب بووە و بەهۆی تیژڕۆیی لە شەقام دەرچووە و بەرەو هەڵدێرێک رۆیشتووە و وەرگەڕاوە، بەهۆی رووداوەکە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، کە هەموویان ئەندامی یەک خێزانن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ