رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێكی پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کار دەکرێت بۆ ئەوەی کامپی حەسەن شام و خازر تێکەڵ بکرێن بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بدرێت، چونکە ئەو کامپانە کێشەی دابینکردنی ئاو و کارەبایان هەیە. نوێنەرێکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش دەڵێت: "ئەوە پلانە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، هێشتا جێبەجێنەکراوە."
رۆژی پێنجشەممە، 08-06-2023، شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "لە نێوان وەزارەتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی هەندێک لە کەمپەکان تێکەڵ بکرێن، لەوانەیە ئاوارەکانی کامپی خازر تێکەڵی هەردوو کامپی حەسەن شام یو2 و حەسەن شام یو3 لە یەک کەمپ دابنرێن."
سەبارەت بە هۆکاری گواستنەوەی ئاوارەکان و تێکەڵکردنی کامپەکان، شێروان دووبەردانی گوتی: "ئەو کامپانە کێشەی خزمەتگوزارییان هەیە چ کارەبا بێت یان ئاو، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش لە هاوکارییەکان کشاونەتەوە و عێراقیش هاوکارییان ناکات، بۆیە بڕیارە ئەو کامپانە یەکبگرنەوە بۆ ئەوەی سەرنجەکە لەسەر پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بێت."
عومەر فازل، بەرپرسی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان قسەمان کردووە و پێشنیازمان کرد ئەو سێ کامپە تێکەڵ بکەین و ببنە دوو کەمپ."
عومەر فازڵ ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ یوئێن و هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە بۆ ئەوەی بزانن هەریەکێکیان رۆڵیان چی دەبێت لە تێکەڵکردنی کامپەکان و دەتوانن چی خزمەتگوزارییەک پێشکێش بکەن، چونکە ئەو تێکەڵکردنە بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی زیاترە، بەڵام ئەوە تەنیا پێشنیازە و هێشتا جێبەجێ نەکراوە."
شێروان دووبەردانی دەڵێت، هەر ئاوارەیەک بیەوێت بگەڕێتەوە گوندی خۆی، حکومەت بەگوێرەی پێویست هاوکاری دەکات، بۆیە هەر کەسێک لە گوندی خۆی گرفتی ئەمنی نەبوو دەتوانێت بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەش ئارەزوومەندانەیە و هەرێمی کوردستان زۆر لە هیچ ئاوارەیەک ناکات بۆ گەڕانەوە.
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی پارێزگای نەینەوا، هاوکارییەکانی عێراق بۆ کامپەکان کەمبووەتەوە بە نموونە لە کامپی خازر و حەسەن شام ئەمساڵ تەنیا دوو بەشەخۆراک دابەشکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ