رووداو دیجیتاڵ
ساڵی نوێی خوێندن، بەشەناوخۆییەکی نوێ بۆ قوتابیانی بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەوت لە هەولێر دەکرێتەوە و، ئێستا رێژەی 98٪ـی کارەکانی تەواو بووە.
سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 8-6-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەشەناخۆییەکە تایبەتە بە کوڕان و، رووبەرەکەی 24 دۆنم زەوییە. پڕۆژەکە لە چوار باڵەخانەی سێ نهۆمی پێکدێت".
بەگوتەی سامان عەبدوڵڵا، ئەو بەشەناوخۆییەی دروست دەکرێت جێگەی دوو هەزار خوێندکاری تێدا دەبێتەوە، هەروەها دەڵێت بەشە ناوخۆییەکە "بەشێوەیەکی زۆر مۆدێرن دروستکراوە، بنکەی تەندروستی تایبەت، نەخۆشخانە، هەشت چێشخانە و کافتریایەکی سێ نهۆمیی بۆ قوتابیان تێدایە".
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوەشکرد، بەشەناوخۆییەکە دەکەوێتە رووبەری کەمپی زانکۆی سەلاحەدین لە پشت بەشی ناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدینە.
بڕیارە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بەشەناوخۆییەکە بۆ قوتابیان بکرێتەوە. سامان عەبدوڵڵا گوتی "زۆربەی کارەکانی تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە کاری راکێشانی کارەبا و ئەساسی ژوورەکانە".
زانکۆی سەلاحەددین خاوەنی دوو بەشە ناوخۆی دیکەیە، ئەوانیش بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین و 18ـی شوبات، کە ئەمەی دووەمیان تایبەتە بە خوێندکارانی کچ.
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت "بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەوت پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، بۆیە خوێندکاران دەگوازینەوە بەشەناوخۆییە نوێیەکە تاوەکو ئەوێ نۆژەندەکەینەوە، دواتر ئەگەر پێویست بوو، قوتابی لەوێش دەمێنێتەوە، واتا ئەوێ داناخرێت، بەڵام نۆژەندەکرێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ