رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، مانگی رابردوو لە سلێمانی تەنیا 25 کاژێر کارەبای نیشتمانی نەبووە، بەڵام لە هەولێر 100 کاژێر کارەبا نەبووە و پێیوایە ئەوە "ناهەقی و نادادپەروەرییە بەرامبەر هەولێر"، بۆیە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر بانگهێشتی کۆبوونەوەی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجوومەن دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانن هۆکاری ئەو جیاوازییە چییە.
رۆژی پێنجشەممە 08-06-2023 عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مانگی ئایار هەولێر و سلێمانی 75 کاژێر جیاوازی کارەبای نیشتمانییان هەبووە. ئەوە جیاوازییەکی زۆرە و ستەمە لە هەولێر کراوە، بۆیە بڕیارمانداوە بانگهێشتی بەختیار ئەرگوشی، بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر بکەین بۆ ئەوەی بزانین هۆکاری ئەو جیاوازییە چییە".
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دوو کۆبوونەوەی هەیە، ئەوانیش کۆبوونەوەی لیژنەکانی ئەنجوومەن و کۆبوونەوەی ئەنجوومەن. عەلی رەشید دەڵێت "سەرەتا لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجوومەن لە نێو خۆیاندا لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بزانن هۆکاری ئەو جیاوازییە چییە، ئەگەر بەگوێرەی راپۆرتەکانی لیژنەکە پێویست بوو بەڕێوەبەری کارەبا بانگهێشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکرێت، ئەوە بانگی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنیش دەکرێت، بەڵام دەبێت سەرەتا لەگەڵ لیژنە کۆببێتەوە".
بڕیارە سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش کۆببێتەوە. سەرۆکی ئەنجوومەن لەوبارەوە گوتی "ئێمە کۆبوونەوەمان دەبێت، بابەتەکە هێنانە کایەی سێ ناحیەیە ئەوانیش کۆڕێ، بناری سەفین و بەستۆرە، هاوکات بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت بۆ ئەوەی لەبارەی پڕۆژەکانیان گفتوگۆ بکەین."
رۆژی پێنجشەممە، 01-06-2023، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەکو ژێرخان و توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 7 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام ئێستا 4200 تاوەکو 4300 مێگاوات کارەبا بە تێکڕا بەرهەمدەهێنرێت.
وەکو گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، لە وەرزی هاویندا، خواستی گشتیی هەرێمی کوردستان لەسەر کارەبا لە خراپترین دۆخدا، لە نێوان 5000 بۆ 5500 مێگاوات بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ