رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچكەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان 12 کەس بە تۆمەتی قاچاخیکردن بە کۆچبەران دەستبەسەر کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە رۆژی سێشەممە 7ی ئایار لەلایەن پارێزگای جۆلەمێرگ بڵاوکراوەتەوە، هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکەدا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران ئەنجامداوە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر چەندین ناونیشان، کە پێشتر دەستنیشان کرابوون و 12 کەسیان دەستبەسەر کرد. لە پشکنینی ناونیشانەکاندا دەست بەسەر 8800 یۆرۆ، 16990 دۆلار، 22400 لیرەی تورکی، کڵاشینکۆڤێک و چەند کەلوپەلێکی دیکەدا گیرا.
ئەو 12 کەسەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر کراون، لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەڤەر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
لە جۆلەمێرگ و پارێزگاکانی دیکەی هاوسنوور، پەڕینەوەی کۆچبەری ئەفغانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای وان دەستبەسەر دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ