رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچكەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ تیمێكی پۆلیس ئەو ئاڵایانەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتیان لابرد کە لە گەڕەکەکانی شارۆچکەکەدا هەڵواسرابوون.
شەوی پێنجشەممە، 7ـی ئاداری 2024، تیمێکی پۆلیسی شارۆچکەی گەڤەر بە ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی ئەو ئاڵایانەی، کە لە چەند رۆژی رابردوو دەم پارتی لە گەڕەکی 'ئۆرمان' هەڵیواسیبوون.
31ـی ئادار هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت.
ئەو ئاڵایانەی هەڵوەسراون، بەشێکن لە بانگەشەی "یاسایی" هەڵبژاردنی دەم پارتی.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هاونیشتمانییانی شارۆچکەکە بینیویانە، ئەفسەرانی پۆلیس لە ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکەدا کە لە نێو شەقام و کۆڵانەکانی شارۆچکەکەدا دەگەڕان، ئەو ئاڵایانەیان لابردووە.
لەبەرامبەر ئەو کارە، هاونیشتمانییانی دانیشتووی گەڕەکی ئۆرمان کە وێنەی کاتی لێکردنەوەی ئاڵاکانی دەم پارتییان گرتووە و بڵاویان کردووەتەوە، کاردانەوەیان بەرامبەر پۆلیس پێشانداوە و گوتوویانە گەڕەکەکە بە ئاڵا و لافیتەکانی دەم پارتی زیاتر دەڕازێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ