رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی گومرگی خابوور لە سنووری شارۆچکەی سلۆپی سەر بە پارێزگای شرنەخ ـی باکووری کوردستان لە کاتی پشکنینی بارهەڵگرێکدا، دەستبەسەر 345 کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری مەتامفەتامینیی شلدا گیرا کە بەهای بازاڕی نزیکەی 655 ملیۆن لیرەیە کە بە نرخی ئەمڕۆ دەکاتە دوو ملیۆن و 141 هەزار دۆلار.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی شوباتی 2024، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر کە لەلایەن تیمەکانی بەڕێوبەرایەتیی قاچاخ و هەواڵگریی گومرگی خابوورەوە کراوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە رێگەی دەروازەی گومرگی خابوور خوازیاری چوونە ناو تورکیا بوون، پشکنینی مەترسییان بۆ کراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەلایەن تیمەکانی جێبەجێکردنی گومرگییەوە بە گوماناوی دادەنران، بە وردی پشکندران، لە ئەنجامی گەڕانێکی ورد بە بەکارهێنانی سەگی دۆزینەوەی مادەی هۆشبەر، نموونە لە کاڵاکانی ناو باری بارهەڵگرێک وەرگیرا، لە ئەنجامی پشکنینی نموونەکان دەرکەوت کە ماددەی هۆشبەر لە جۆری مەتامفەتامینی تێدایە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر 345 کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری مەتامفەتامینی شلدا گیراوە کە بەهاکەی دوو ملیۆن و 141 هەزار دۆلارە.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی سلۆپی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و چەند کەسێکیش بە تۆمەتی هێنانی مادە هۆشبەرەکە دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ