رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند و بەگوێرەی ساڵنامەکە، رۆژی 9ـی ئەم مانگە دەوام لە سنوورەی پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
لە نووسراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی ئاراستەی پەروەردەکانی رۆژهەڵات، رۆژئاوا، شارەزوور، قەرەداغ، دووکان، چەمچەماڵ، دەربەندیخان و پێنجوێن کردووە و دەڵێت، "9ـی ئەم مانگە دەوام دەستپێدەکات."
لە ساڵنامەی نوێ خوێندندا هاتووە، سبەی سێشەممە 9ـی ئەم مانگە خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ دەخایەنێت هاوکات 09-03-2024 تاوەکو سێشەممە 19-03-2024 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 80 نمرە بەڕێوەدەچێت.
بە گوێرەی ئەو ساڵنامەیە بێت کە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی دەریکردووە، دەوامی وەرزی دووەم یەکشەممە، 24-03-2024، دەستپێدەکات و تاوەکو پێنجشەممە، 16-05-2024، بەردەوام دەبێت. هاوکات یەکشەممە، 19-05-2024، تاوەکو پێنجشەممە 30-05-2024 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەم لەسەر 80 نمرە بەڕێوەدەچێت.
بەرێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، لە هەردوو وەرزەکە دوو هەڵسەنگاندن دەکرێت لە ماوەی خوێندنی وەرزەکە کە بۆ هەر هەڵسەنگاندنێک 10 نمرەیە. بۆ تاقیکردنەوەی نیوەی هەر وەرزێکیش نمرەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز دابەشی 4 دەکرێت. بۆ نیوەی وەرزیش 20 نمرە دادەنرێت و 60 نمرە بۆ کۆتایی وەرز.
لەبارەی پۆلی 09 و 12ـی ئامادەیی، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، وەزارەتی پەروەردە کاتی تاقیکردنەوەکان و درێژکردنەوەی دەوام دیاری دەکات.
ئەو نووسراوەی پەروەردەی سلێمانی لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان لە سنووری پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین بەردەوامە.
هاوکات راگەیاندنی ساڵنامەی نوێی خوێندن لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، داواکاریی مامۆستایان جێبەجێ دەکەن کە ئەوانیش پلەبەرزکردنەوە و بە گرێبەستکردنی وانەبێژانە.
دوای نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، نوێنەرانی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان رێکخست و رایانگەیاند، "مەرجدارکردنی جێبەجێکردنی داخوازییەکانمان و بەستنەوەی بە هەمواری نادیاری یاسای بودجەی عێراقەوە خۆدزینەوەیە لە جێبەجێکردنیان و ناتوانین و باوەڕ بەوە ناکەین حکومەت نییەتی چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەبێت."
ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی رژدە لەسەر بایکۆتکردن و دەشڵێت، "ساڵانی رابردوو چەندین جار بەڵێن و بڕیار دراوە، بەڵام تەنیا مەبەست لەو بەڵێنانە شکاندنی بایکۆت بووە و دوای دەستپێکردنەوەی خوێندن هەموو بەڵێنەکان وەک داخوازییەکانمان پەراوێز خراون و حکومەت بەرپرسیارانە مامەڵەی نەکردووە بۆیە ناچاربووین بایکۆت رابگەیێنین و خۆپێشاندان دەستپێبکەینەوە و بۆ ئەوەی قەیرانەکان لێرەوە کۆتایی بێت."
لە 13-09-2023ـەوە ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ