رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە زانکۆی دهۆک تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەستپێبکات، لە زانکۆی سەلاحەدین دوێنێ چوارشەممە دەستیپێکرد، تاقیکردنەوەکانی زانکۆی سلێمانیش بۆ کۆتایی مانگی کانوونی دووەم دواخراون.
لە زانکۆی سەلاحەدین تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەستیپێکردووە.
لە رۆژی چوارشەممەوە تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە بەشێک لە کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەدین دەستیپێکردووە. د. فەرهاد عەلی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بۆ کاروباری خوێندکاران و خوێندن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆلێژێک بۆ کۆلێژێکی دیکە دوو رۆژ جیاوازی هەیە.
بەگوتەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، لە زانکۆکەیان سیستمی خوێندن کۆرساتە و دەبێت 14 هەفتە بخوێندرێت بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی کۆرسی یەکەم بکرێت، دوای ئەوە، 14 هەفتەی دیکە دەخوێندرێت و ئەوکات تاقیکردنەوەیەکی دیکە دەکرێت.
زانکۆی سەلاحەدین لە رۆژی 4ـی ئەیلوولەوە دەستی بە دەوامی ساڵی نوێی خوێندن کردووە. د. فەرهاد عەلی دەڵێت، "لەبەرئەوەی لە کاتی خۆی دەستمان بە دەوام کردووە، بۆیە لە هیچ کۆلێژێک گرفتی تەواوکردنی پڕۆگراممان نییە".
تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمی زانکۆی سلێمانی دوا دەکەوێت
د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆی 21 کۆلێژی زانکۆی سلێمانی لە 19یان سیستمی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکرێت کە بەگوێرەی سیستمەکە دەبێت 14 بۆ 20 هەفتە دەوام بکەین ئەوکات دەتوانرێت تاقیکردنەوەی کۆرسی یەکەم بکەین".
بڕیاربوو، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول دەوامی قۆناخەکانی دووەم، سێیەم و چوارەم لە زانکۆی سلێمانی دەستپێبکاتەوە و سەرەتای تشرینی یەکەم دەوامی قۆناخی یەکەم دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکە دابیننەکردنی دەرماڵەی خوێندکاران، دەوام لە 28ـی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکرد.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران رایگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی زانکۆی سلێمانی درەنگ دەستی بە دەوام کرد، بەڵام سەرجەم مەرجەکانی بۆلۆنیای پەیڕەو کردووە و تاقیکردنەوەکانیش بەگوێرەی مەرجەکانی سیستمەکە دەکەوێتە کۆتایی مانگی کانوونی دووەم و سەرەتای مانگی شووبات".
د. پێشڕەو حەمەجان گوتیشی، "بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خوێندنەی لە زانکۆکەمان بەهۆی دواکەوتن لە خوێندن لە دەستمان چوو پشووەکانمان کەمکردووەتەوە و خوێندنیشمان 15 بۆ 20 رۆژ درێژکردەوە، بۆیە تاقیکردنەوەی کۆرسی یەکەم دەکەوێتە کۆتایی کانوونی دووەم".
هەفتەی داهاتوو خشتەی تاقیکردنەوەی کۆرسی یەکەم لە زانکۆی دهۆک دادەنرێت
د. دڵشاد عەبدولجەبار، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی دهۆک بۆ کاروباری کارگێڕیی و دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سیستمی خوێندن لە زانکۆکەمان بۆلۆنیا پڕۆسێسە جگە لە بەشە پزیشکییەکان، یاسا و بەشێک لە کۆلێژەکانی دیکەش کە تەنیا قۆناخی چواریان کۆرساتە. ئەوانەی سیستمی بۆلۆنیا پەیڕەودەکەن دەبێت 15 هەفتە بخوێنن بۆ ئەوەی بتوانن تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم بکەن هاوکات بە هەفتەی تاقیکردنەوەش".
د. دڵشاد عەبدولجەبار دەڵێت، بۆلۆنیا پڕۆسێس رێگەی داوە ئەگەر 14 هەفتە بخوێنیت بچیتە تاقیکردنەوە، کە ئەوەش دوو هەفتە دەخایەنێت، چونکە ئەو سیستمە بە کاژێرە نەک بە هەفتانە کە بۆ هەر وانەیەک لەهەر کۆرسێک لە نێوان 27 بۆ 30 کاژێرە.
لەبارەی تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە زانکۆی دهۆک، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ گوتی، "هەفتەی داهاتوو خشتەی تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دادەنرێت، خشتەکەش بەگوێرەی بەش و کۆلێژەکان دەگۆڕدرێت. دەشڵێت، "ئەو فیدباکەی بۆمان هاتووە خوێندکارەکان ئەو وانانەیان خوێندووە کە تاقیکردنەوە بکەن چونکە 5ـی ئەیلوول ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆکە دەستیپێکرد و لە 9ـی ئەیلوولەوە بە فەرمی دەست بە دەوام کرایەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ