رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم ساڵ دوو هەزار و 355 خوێندکار لە ناوچە دابڕێندراوەکان زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە و زیاتر لە هەزاریان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون.
ئەم ساڵ لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دوو هەزار 355 خوێندکار زانکۆلاینیان پڕکردەوە بۆ ئەوەی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن و رۆژی 3ـی کانوونی یەکەم ئەنجامی زانکۆلاین راگەیێندرا.
رۆژی پێنجشەممە، 07-12-2023، شێرزاد سەعید، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەم ساڵ لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان هەزار و 384 خوێندکاری ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان وەرگیراون کە 60٪ـی مێ و 40٪ـان نێرن کە 825ـیان بە خۆڕایی، 306ـیان بە پارالێڵی بەیانیان و 253ـیان پارالێڵی ئێوارانن."
بە گوتەی شێرزاد سەعید، لە کۆی 1384 خوێندکار 181ـیان لە بەشە پزیشکییەکان وەرگیراون کە 53 لە دەرمانسازی، 47 لە پزیشکی ددان و 81 کەس لە پزیشکی گشتی وەرگیراون.
ساڵی رابردوو وەرگرتن لە کۆلێژەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندکارانی ناوچە دابڕێندراوەکان 10٪ بوو، بەڵام ئەم ساڵ بۆ 20٪ زیادکراوە. شێرزاد سەعید، گوتی ئەو کەسانەی ناویان نەگەڕاوەتەوە نزیکەی 250یان بەهۆی کەمی کۆنمرەیان بووە، بەشێکی دیکەیان ئەوانەن کە کۆنمرەیان لە زانکۆیەکی کەرکووک وەردەگیرێت و ناویان بۆ بەرزتر پێشکێش کردووە لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستانیش هەمان بەش دەیانگرێتەوە، بۆیە ناویان نەگەڕاوەتەوە.
بەپێی بڕیاری خوێندنی باڵا، هەر خوێندکارێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پارالێڵ لە هەرێمی کوردستان بخوێنێت بۆ پارەدان و هەر رێکارێکی دیکەی کارگێڕی، هاوشێوەی دەرچووانی هەرێمی کوردستان دەبێت و هیچ جیاوازییەکی نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ