گوتەبێژی بەرەی تورکمانی: ماددەی 140 جێبەجێبکرێت شەڕی نێوخۆیی روودەدات

07-12-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەرەی تورکمانی دەڵێت، پێکهێنانەوەی لیژنەی مادەی 140ـی دەستووری عێراق نابێتە هۆکارێک بۆ جێبەجێکردنەوەی ئەو ماددەیە و هەموو هەوڵ و رێگەیەکی گونجاو بۆ دژایەتیکردنی جێبەجێکردنی دەگرنەبەر. دەشڵێت، "ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێبکرێت، شەڕی نێوخۆیی روودەدات."
 
رۆژی چوارشەممە، 7-12-2022، محەممەد سەمعان، گوتەبێژی بەرەی تورکمانیی عێراق لەبارەی بۆچوونی حیزبەکەی لەسەر دروستکردنەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێمان وایە مادەی 140ـی جێبەجێ ناکرێت و ئێمە دژایەتیی جێبەجێکردنی دەکەین. هەموو شێواز و رێگەکان لەپێناو جێبەجێنەکردنی دەگرینەبەر، ئیدی هەر لە خۆپێشاندانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە مانگرتن، چونکە جێبەجێکردنی لە بەرژەوەندیی پێکهاتەکانی کەرکووک نییە."
 
محەممەد سەمعان دەشڵێت: "پێمان وایە جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق دەبێتە هۆکارێک بۆ سەهەڵدانی جەنگی نێوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان، چونکە ئیستا دۆخەکە گۆڕاوە و ساڵی 2017 نییە. ئێستا هەموو لایەنەکان هێز و گرووپی چەکداریان هەیە و کێشەکە گەورەتربووە. ئێستا کورد و عەرەب و تورکمان گرووپی چەکدار و چەکداری هۆزەکان و حەشدیان هەیە."
 
گوتەبێژی بەرەی تورکمانی گوتی: "ئێمە لەبەر دوو هۆکار لەگەڵ دروستکردنەوەی لیژنەی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقی نین. یەکەمیان، پێمان وایە ئەو مادەیە لە 31-12-2007 کۆتاییهاتووە، بەڵام هەموو جارێک لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی عێراق برایانی کورد بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو بابەتە دەکەنەوە بابەتی دانوستاندن و بابەتێکی سیاسی و لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە سازشی تێدا دەکرێتەوە و پرسەکە دەکرێتەوە قوربانیی ناکۆکییەکان. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە باسکردنی چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک بە پێکهاتە سەرەکییەکانی کەرکووک دەکرێت."
 
محەممەد سەمعان گوتیشی: "ئێمە پێمانوایە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە ناوچەی کێشە لەسەرنین لەنێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان یان هەولێر و بەغدا، بەڵکو ناوچەی جێناکۆکن لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک و دەبێت ئەوان چارەسەریی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە."
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 28.11.2022، کۆبوونەوەی خولی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە لەوانەش پارتی و یەکێتی، لەبارەی چەند پرسێک لەنێویاندا داواکارییەکانی کورد لە حکومەتی نوێ لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
خالید شوانی، ئەندامی شاندی یەکێتی و وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێکهێنانەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـە کە لە ساڵی 2014ـەوە پەکی کەوتووە. ئەوەش بۆشاییەکی گەورەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە دروستکردووە".
 
خالید شوانی رایگەیاند، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 پێکهێندراوەتەوە و لە 10 رۆژی داهاتوودا دەستبەکار دەبنەوە.
لایەنە کوردستانییەکان پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد و بەشێکی لایەنە عەرەبییەکانیش دەڵێن کار بۆ سەرخستنی دەکەن، بەڵام بەرەی تورکمانی دژایەتی بڕیارەکە دەکات.
 
محەممەد سەمعان ئاماژە بۆ ئەڵتەرناتیڤی چارەسەریی ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکات و دەڵێت: " نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2018 سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لایەنەکانی کەرکووکی دەکرد و تائێستاش بەردەوامە. ئەو کات تورکمان و کورد لەبارەی بابەتی زەوییە کشتوکاڵییەکان رێککەوتن، بەڵام برایانی عەرەب رازی نەبوون. پاشان تورکمان و عەرەب لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستی پاریزگار رێککەوتین و برایانی کورد رەتیانکردەوە."
 
محەممەد سەمعان تێڕوانینی بەرەی تورکمانی بۆ ماددەی 140ـی دەستووری عێراق و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە دەردەبڕێت و دەڵێت: "کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکانی دیکە بە سازانی نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە چارەسەر دەکرێت. بۆ نموونە، بە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک لەنێوان هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکە بەرێژەی 32٪ بۆ هەر پێکهاتەیەک، جگە لەوەش کەرکووک ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، چونکە هەرێمی سەربەخۆ جگە لە چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر لە رووی ئابووری و بوارەکانی دیکەشەوە خزمەت بە کەرکووک دەکات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژمارەیەک سەربازی تورکیا

سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی 5 شەڕڤانی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 5 شەڕڤانی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە راگەیاند. هەسەدەش دەڵێت، پێنج سەربازی تورکیایان کوشتووە.