رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، حەوت دەروازە لە هەرێمی کوردستان هەن کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێش فەرمین و هەمان مامەڵەی دەروازە نێودەوڵەتییەکانیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام عێراق تاوەکو ئێستا دانی پێدا نەناون، "ئەوانە واقیعی ئەمرن و هەر دەبێت بکرێنە فەرمی."
رۆژی سێشەممە 07-11-2023 ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە هەریەک لە دەروازەکانی پشتە، سەیرانبەن، تەوێڵە، کێلێ، سەرزێر، فیشخاپوور و زێد بکرێنە فەرمی.
بە گوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، ئەو دەروازانە هەمان مامەڵەی دەروازە فەرمییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیان لەگەڵدا دەکرێت، رێنوێنییەکانیان تێدا جێبەجێ دەکرێت، هاتووچۆی بازرگانیی تێدایە و لەلایەن هەرێمی کوردستانیشەوە دانیان پێدا نراوە، تەنیا ماوە حکومەتی عێراقیش دانیان پێدا بنێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتیشی، "مەلەفی ئەو حەوت دەروازەیە لەگەڵ مەلەفەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە و ئەوە واقیعی ئەمرە و دەبێت هەر بکرێن بە فەرمی."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چەند جارێک داوایان کردووە، ئەو حەوت دەروازە بکرێنە فەرمی. لە ساڵی 2019 لیژنەیەکی باڵایان لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان سەردانی هەموو دەروازەکانی کرد و راپۆرتی خۆیان لەبارەی کەموکورتییەکان نووسی، دوای ئەوە گفتوگۆکان ساردبوونەوەی بەخۆوە بینی و ئەنجامی نەبوو.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، "هیچ دەروازەیەکی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان نییە، لە ساڵی 2019وە رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە، جگە لەو حەوت دەروازەی باسم کرد، هەموو سنوورەکانی دیکە لەلایەن پاسەوانی سنوور کۆنترۆڵ کراون و هیچ دەروازەیەکی نافەرمی نییە ئەوەی هەبووە رێڕەو بوون، کە هەندێکجار باری پێدا رۆشتووە، بەڵام ئێستا پاسەوانی سنوور کۆنترۆڵی کردوون."
جگە لە دەروازە نافەرمی و نیمچە فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمیی هەیە؛ سێ دەروازەی لەگەڵ ئێراندان کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێرن؛ هەروەها دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک تەنیا دەروازەی وشکایی فەرمیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیشە لەگەڵ تورکیادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ