رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تائێستا نوێنەری 83 خانەوادە ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی سامپڵی خوێنیان وەربگیرێت و بەراورد بکرێت بە سامپڵی 171 رووفاتەکە بەمەبەستی ناسینەوەیان. دەشڵێت، 20ی ئەم مانگە دوایین رۆژی ناوتۆمارکردنی ئەوانەیە کە خۆیان بە کەسوکاری 171 رووفاتەکە دەزانن.
لە ئاداری ساڵی 2019، سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی سەماوە لە باشووری عێراق دۆزرانەوە، لە تەممووزی هەمان ساڵ هەڵدرانەوە. یەکێک لە گۆڕەکان 171 رووفاتی شاڵاوەکانی ئەنفالی گەرمیانی تێدابوو، کە 74یان منداڵ و 97یان ژن بوون، تائێستا ئەو رووفاتانە نەگەڕێندراونەتەوە هەرێمی کورستان و لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقن و کەسوکاریان چاوەڕوانبوون پشکنینی DNAیان بۆ بکرێت.
رۆژی سێشەممە، 07-11-2023، عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتمان پاش راوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و رێکخراوانی لۆکاڵی و نێودەوڵەتی گەیشتنە ئەو بڕوای ماوەی 15 رۆژ رابگەیەنین بۆ ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی ئەو 171 رووفاتە دەزانن بۆ ئەوەی ناویان تۆماربکەن و پشکنینی DNAـیان بۆ بکرێت."
وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لە 05-11-2023ـەوە دەستی بە تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە کردووە کە رووفاتەکان بە کەسوکاری خۆیان دەزانن. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت: "تاوەکو دوێنێ نوێنەری 83 خانەوادە ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی پشکنینی DNAـیان بۆ بکرێت دواجار سامپڵی خوێنی ئەوان لەگەڵ ئەو سامپڵەی لە ئێسکەکانی رووفاتەکان وەرگیراوە بەراورد دەکرێت."
بە گوتەی عادل مەلا ساڵح، دوایین مۆڵەت بۆ ناو تۆمارکردن 20ـی ئەم مانگەیە. لەبارەی پڕۆسەی ئەنجامدانی پشکنین و گوژمەکەی گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ناوخۆ تاقیگەیەکی فەرمی هەیە کە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە و پشکنینەکان پشتی پێ دەبەسترێت هەروەها لەگەڵ رێکخراوی کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لەم پرسەدا هەماهەنگن لەگەڵمان. دوای تەواوبوونی 15 رۆژەکە رێکاری نوێ دەگیرێتەبەر. ئەوەش دوای ئەوەی دەزانین ناوی ئەو کەسانەی تۆمار دەکرێن دەگاتە چەند واتا لەسەر بنەمای ژمارەی کەمی و زۆری کەسەکان بڕیاری لەبارەی چۆنێتی ئەنجامدانی پشکنینەکان دەدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ