رووداو دیجیتاڵ
هێشتا ژماردنی دەنگەکان لە هەندێک ویلایەت تەواو نەبوون، بەڵام بایدن و هاریس و کەسانی نزیکیان کار لەسەر دیاریکردنی چەند کەسێکی بەتوانا بۆ پۆستە گرنگەکانی ئیدارەی 46ەمین سەرۆکی وڵات دەکەن.
ئەنتۆنی بلینکن یەکێک لەو کەسانەیە کە سەرنجێکی زۆری لەسەرە. بلینکن لە دووەمین خولی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا جێگری وەزیری دەرەوە بوو و ئێستاش لەلایەن تیمی بایدنەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت کە ئایا بکرێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا یان بکرێتە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی.
بەرپرسێکی ئاگادار لە بابەتەکە لەو بارەوە رایگەیاند، "بلینکن یان دەبێتە وەزیری دەرەوە یان دەبێتە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی". بلینکن ساڵانێکی زۆرە لە جۆ بایدن زۆر نزیکە.
بایدن ساڵی 2007 تاوەکو 2009 بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران بوو و لەو ماوەیەدا بلینکنیش گەورە راوێژکاری بوو بۆ سیاسەتی دەرەوە. کاتێکیش بایدن لە ساڵی 2009دا بووە جێگری باراک ئۆباما، بلینکنیش بووە راوێژکاری جۆبایدن بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی. لە خوولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئۆباماشدا بلینکن جێگری وەزیری دەرەوە بوو و رۆڵی کاریگەری لە واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی ئێراندا گێڕا.
کەسانی ئاگادار لە بابەتەکە دەڵێن، زۆر رێی تێدەچێت بلینکن ببێتە وەزیری دەرەوە، بەڵام بەربژێریشە بۆ بوون بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و دواجار بایدن بڕیاردەدات کام پۆستی پێدەدات.
لە چەند مانگی رابردوویشدا بایدن لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا راوێژی بە بلینکن کردووە. لەو چوارچێوەیەشدا لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا بلینکن بە بایدنی راگەیاند، دەبێت ئەمریکا بگەڕێتەوە ناو رێککەوتنی ئەتۆمی و رێککەوتنی پاریسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا.
لەماوەی دەسەڵاتی باراک ئۆبامادا، تۆنی بلینکن چەندینجار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و بە گرنگییەوە لە بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتنی روانیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ