رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی ژینگەدۆست دەیەوێت لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونیدا 200 دار لە چیای گۆیژەی سلێمانی بڕوێنێت و دەڵێت، بۆ ئەوەی تەمەنمان ببێتە 100 ساڵ با چیای گۆیژە ببوژێنینەوە.
زمناکۆ ئیسماعیل، ژینگەدۆستێکی خەڵکی سلێمانییە، ئەمڕۆ 7ـی 9 تەمەنی دەبێتە 40 ساڵ، دەیەوێت بەشێوەیەکی جیاواز رۆژی لەدایکبوونی بکاتەوە و لەهەمانکاتدا دەیەوێت تەمەنی 100 ساڵی ببینێت. بۆیە دەڵێت، یەکێک لە رێگەکانی تەمەن درێژی، ژینگە پارێزی و زۆرکردنی دارستانە.
هەڵمەتەکەی ئەمڕۆ لەکاژێر 16:00 لە چیای گۆیژەی سلێمانی دەستپێدەکات و لە رێگەی رووداوەوە داوا لە هاونیشتمانیانی ژینگەدۆست دەکات بەشداریی بکەن و یارمەتییان بدەن لە چاندنی نەمامەکان.
سەرەتا بڕیاربوو کە 100 دار بڕوێنێت، بەڵام دەڵێت، قایمقامی دووکان 40 نەمامی پێشکەشکردوون، دوو هاونیشتمانی دیکەش 60 نەمامیان پێبەخشیوە، بۆیە پلانەکەی لە چاندنی 100 نەمامەوە دەبێتە 200 نەمام. جۆری نەمامەکانیش بەگوتەی زمناکۆ ئیسماعیل, بەڕوو و سنەوبەرن.
نیوەشەوی هەینی رابردوو ئاگر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی کەوتەوە. عەبدوڵڵا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پاوان و دارستانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە نزیکەی 200 بۆ 300 دۆنم زەوی و داری بەتەمەن سووتاون، بەشێکی زۆر لەو دارانەش کە سووتاون تەمەنیان لە 50 ساڵ زیاتر بووە.
زمناکۆ ئیسماعیل کە رۆژی 6-9-2020 سەردانی گۆیژەی کردووە بۆ ئەوەی شوێنی رواندنی نەمامەکان دیاریی بکات دەڵێت، تاوەکو ئێستاش بنی دارەکان هەر دەسووتێن و ئاگرەکە بە تەواوی نەکوژاوەتەوە. لەبارەی هەڵمەتەکەیەوە دەڵێت، بەهیوام ئەمە ببێتە دەستپێکی فەرهەنگێکی نوێی داچاندنی
نەمام.
ئەو هاونیشتمانییە چاوەڕێی ژینگەدۆستان دەکات ئەمڕۆ یاوەری بن و دەڵێت "با چیدیکە لەدورەوە بۆ سووتانی گۆیژە نەگرین، بەڵکو لەنزیکەوە بچین بۆ شوێنی سووتانی ئەو چیایە و ئەو جێگایانەی دیکەی نیشتمان، بەهەموومان هەوڵی سەوزکردنەوەی بدەین، بەهەموومان فەرهەنگی جوانییەکان لەنێو دڵماندا بچێنین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ