وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دوو نووسراو لەبارەی شێروان شێروانی ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەری دەکات

07-08-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دوو نووسراو لە دوو کاتی جیا لەبارەی سزادانی شێروان شێروانی ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەری دەکات و دەڵێت، هیچ سکاڵایەک و داواکارییەکیان لەسەر ئەو نەبووە. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانیش دەڵێت، هەفتەی رابردوو سەردانی شێروان شێروانی کردووە و چەند تێبینییەکی هەبووە، بۆی چارەسەر کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-07-2023 دادگای هەولێر شێروان شێروانی بە مادەی 289 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزادا، بە مادەیەکیان دوو ساڵ و شەش مانگ و بە مادەیەکی دیکەیان ساڵێک و شەش مانگ. 
 
هەر ئەوکات، لەبارەی هۆکاری سزادانی شێروان شێروانی، رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری سزادراو بە رووداوی گوت: "ساڵی 2022 داوای ئازادکردنی مەرجدارمان بۆ ئەیاد کەرەم، شڤان سەعید، گوهدار زێباری و هاریوان عیسا کرد، بەڵام نەکرا و دواتر گوتمان مادام ناکرێت با بڕیارەکە هەڵبوەشێنینەوە، بۆ واژۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە هەموو گیراوان بەدەستی خۆیان واژۆیان کرد، تەنیا گوهدار زێباری نەبێت کە ئەو کات لە زیندانیی تاکە کەسی بوو، داوای کردبوو شێروان شێروانی لەبری ئەو واژۆ بکات و ئەویش واژۆی بۆ کردبوو، دادگە لەسەر ئەو بابەتە بە چوار ساڵی دیکە سزای شێروانی داوە."
 
"هیچ سکاڵایەک و داواکارییەکمان لەسەر شێروان شێروانی نەبووە"
 
رۆژی دووشەممە، 07-08-2023 کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی نووسراوێکی بۆ ئەنجوومەنی دادوەری ناردووە و تێیدا روونکردنەوە لەبارەی دادگاییکردنی شێروان شێروانی دەدات. 
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "سەبارەت بە بڕیاری دادگەی تاوانی دووی هەولێر لە 20ـی تەممووزی 2023 تایبەت بە کەیسی سزادراو شێروان ئەمین نعو، کە تێدا لە لاپەرە 3 ئاماژە بە نووسراوێک دەکات بە ژمارە 528 لە 21ـی ئەیلوولی 2022 کە دەیداتە پاڵ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر کە هەستاون بە جوڵاندنی سکاڵا لە دادگەی لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر لە دژی ناوبراو، بە بەرێزتان رادەگەیێنین کە ئەو نووسراوە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر نییە کە سەر بە وەزارەتمانە."
 
لە روونکردنەوەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی نووسراوەکە دەڵێت: "بەڵکو ئەوە نووسراوی فەرمانگەی داواکاری گشتی لە چاکسازی گەورانی هەولێرە، ئێمە وەکو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر هیچ سکاڵایەک و داواکارییەکمان لەسەر ئەو نەبووە و هیچ نووسراوێکی فەرمیمان لەوبارەوە نییە، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین ئەو هەڵەیە چاک بکرێتەوە و ناوی ئەو لایەنە دیاری بکرێت، کە نووسراوەکەی کردووە."
 
ئەو نووسراوەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە کاتێکدایە، رۆژی 23ـی تەممووزی 2023، کوێستان محەممەد، نووسراوێکی دیکەی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری ناردووە. 
 
لە نووسراوەکەدا هاتبوو: "سەبارەت بە کەیسی سزادراو شێروان شێروانی، ئێمە وەکو وەزارەت هیچ داواکارییەکمان لەسەر ناوبراو نییە و هیچ نوێنەرێکی یاسایی وەزارەتمان بە ئاگاداری لە دادگا نەبووە کە تێیدا ناوبراو بۆ ماوەی چوار ساڵ سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا."
 
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: "لەناو چاکسازییەکان وا پەیڕەوە، کە سزادراوەکان لە جیاتی یەکدی واژۆ و پەنجەمۆر بکەن، لەم کەیسەدا ئەو پێنج سزادراوەی بادینان رێککەوتن لە نێوانیاندا هەیە، کە لە جیاتی یەکدی پەنجەمۆر بکەن و کەسیشیان سکاڵایان نەبووە لەسەر سزادراوی ناوبراو، کە پەنجەمۆری لە جیاتیان کردووە و بەپێی ئەو مادانەی کە ناوبراو لەسەر سزادراوە پێمانوایە لەگەڵ رووداوەکە یەک ناگرێتەوە، بۆیە داوکارین لە کاتی تێهەڵچوونەوەی کەیسەکە ئەو نووسراوەی ئێمە بخرێتە ناو دۆسیەکەی و ئەو روونکردنەوەمان لەبەرەچاو بگیڕیت."
 
دۆسیەی شێروان شێروانی تەمیز دەکرێتەوە
 
رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری شێروان شێڕوانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە بڕیارەکەی دادگەی هەولێر هەموار دەکەنەوە کە شێروان شێروانی بە چوار ساڵی دیکە سزا داوە." گوتیشی، ئاگاداری نووسراوەکانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیشن و هەموویان بۆ دۆسیەکە زیاد کردووە.
 
بەگوتەی رەمەزان ئەرتیسی، لەبارەی ئەو نووسراوەی کە شێروان شێروانی لە بری گوهدار واژۆی کردووە، کەسێک لە هۆبەی یاسایی چاکسازی گەورانی هەولێر سکاڵای تۆمار کردبوو، بەگوێرەی زانیارییەکان رووداو، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی رێکاری پێویستی لەبەرامبەر ئەو کارمەندە گرتووەتەبەر لەو شوێنەی گواستووەتەوە.
 
رەمەزان ئەرتیسی دەڵێت: "بە گشتی لە دۆسیەکەدا وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی هیچ ئامادەییەکی نەبووە و ئەوەش یەکێکە لە نیگەرانییەکانی ئێمە، چۆن وەزیر ناتوانێت زیندانیان ببینێت؟ زیندانیان زۆر گلەیی و سکاڵایان هەیە، بەڵام وەزارەتی کار دەستێکی پێویستی تێدا نەبووە بەدەمیانەوە بچێت."
 
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان: هەفتەی رابردوو شێروان شێروانیم بینی
 
ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت: "بە نوێنەرایەتی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی هەفتەی رابردوو لەگەڵ بەشی یاسایی چاکسازی، سەردانی شێروان شێروانیم کرد، هەندێک تێبینی هەبووە و هەمووم بۆ چارەسەرکردووە، یەکێک لەوانە لە کتێبخانەی چاکسازی کتێبخانە هەیە گلەیی ئەوە بوو کتێبی پێ نادرێت بۆ ئەوەی بخوێنێتەوە، بەڵام هەر ئەو کات راستەوخۆ پێمگوتن کتێبی پێ بدەن."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی شێروان شێروان خواردنەکەی بووە و دەڵێت: "گوتی گومانم لەو خواردنە هەیە کە بۆم دەهێندرێت، پێمگوتووە چەند کەسن لە ژوورەوە گوتی 15 بۆ 16 کەسین، گوتم ئەو خواردنەی بۆت دەهێنن بە جیایە یاخود لەگەڵ ئەو 15 کەسەی دیکەیە بۆ تۆشی دەهێنن، گوتی لەگەڵ ئەو 15 کەسەیە پێکەوە دەیهێنن، گوتم، کەواتە پێتوایە چاکسازی بەهۆی یەک کەس بیەوێت لە 15 کەسی دیکەش رزگاری ببێت! ئەو بیرکردنەوەیە دروست نییە."
 
دادگەی تاوانی هەولێر رۆژی 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ی سزاکەیان، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو، کەمکرایەوە.
 
بەگوێرەی ئەو بڕیارەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاربوو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ شێروان شێروانی ئازاد بکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.