رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "لەسەر رووداوی شەڕەکەی گەڕەکی شارەوانی، 35 تۆمەتبار دەستگیركران کە 18ـەیان ژنن."
کاژێر 3:00ـی دوانیوەڕۆی 5ـی ئەم مانگە، دوو گرووپ کە هەر گرووپە و خزم و کەسی یەکدی بوون، لەنێو شاری سلێمانی بووە شەڕیان و 9 کەس لە هەردوولا برینداربوون. هەر ئەو کات سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، هێزەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و 18 کەسیان لە هەردوولا دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 07-06-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرەتا لەشوێنی شەڕەكە ژمارەیەک لە تۆمەتباران دەستگیركران و لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ دەستگیركردنی سەرجەم تۆمەتبارانی دیكە بەردەوام بوو؛ سەرەنجام لەلایەن ھێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە 35 تۆمەتبار لە هەردوولا دەستگیرکران کە 18ـەیان ژنن و ئەوانی دیکە پیاون."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، شەڕەکە لە گەڕەکی شارەوانیی سلێمانی روویداوە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتباران دەستگیرکراون و دەڵێت، "یەک کەس لە تێوەگلاوان لە رووداوەکە تا ئێستا دەستگیرنەکراوە، ئەویش کەسێک بووە کە چەکی پێ بووە و بە کاری هێناوە؛ گەڕان بە دوای ئەویش بەردەوامە و دەستگیردەکریت."
سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت، "ژمارەیەک لە شەڕكەرەكانیش برینداربوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی رەوانەی نەخۆشخانە كران. لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە و دەستیش گیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا لاندكرۆزەر كە بە تۆمەتباران بووە."
بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، شەڕکەرەکان "قەرەجن" و ماوەیەکە چوونەتە سلێمانی و لەوێ نیشتەجێبوون، کێشە لەنێوان هەردوولادا هەبووە و شەڕەکەش پەیوەندیی بە کێشەیەکی کۆنیانەوە هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ