رووداو دیجیتاڵ
شەوی یەکشەممە لە ناحیەی گردەسێن لە قەزای ئاکرێ شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبوو و بەهۆیە دوو کەس برینداربوون. پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت، هەشت کەسیان لەسەر ئەو شەڕە دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند، بەهۆی شەڕەکەی گردەسێن، هەشت تۆمەتباریان دەستگیر کردووە و دەستیان بەسەر چەکەکانیاندا گرتووە.
پێشتر، ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن رایگەیاند، لەسەر شەڕەکە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ زیاتر لە 25 کەس دەرکردووە.
دۆخەکە ئێستا کۆنترۆڵکراوە و هاتووچۆی خەڵک لە ناحیەکە ئاسایی بووەتەوە.
لەبارەی زیانەکانی شەڕەکە، ئەحمەد سلێمان رایگەیاند، دوو کەس بە سووکی بریندار بوون کە یەکێکیان کارمەندی پۆلیسە. هەردوو بریندارەکەش ئێستا دۆخیان جێگیرە و دوای چارەسەری پزیشکی رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
ڤیدیۆی زۆری شەڕەکە بڵاوبووەوە کە هەردوو لایەن تەقەی هەڕەمەکی دەکەن. لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت ئۆتۆمبێلێک دووکەڵی لێ بەرزدەبێتەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن دەڵێت، ئۆتۆمبێلێک زیانی بەرکەوتووە و گوللـە بەر چەند ماڵێکیش کەتووە، بەڵام زیانی وایان نەبووە.
شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە بوو و بۆ کۆنترۆڵکردنی هێزێکی زێرەڤانی رەوانەی ناحیەکە کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ