رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی نۆرشین، سەر بە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان، لایەنگرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی، بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شارۆچکەکەیان گردبوونەوە. لایەنگرانی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـیش ویستیان خۆپێشاندان بکەن، بەڵام گرژی دروستبوو و 14 کەس دەستبەسەر کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای بەدلیس، رۆژی شەممە 6ی نیسانی 2024، لە شارۆچکەی نۆرشین لایەنگرانی دەم پارتی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 31ی ئادار گردبوونەوە و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
دواتر ئەندامانی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ لەبەردەم نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی شارۆچکەکە کۆبوونەوە، بەڵام گرژی دروست بوو و لە ئەنجامدا 5 کەس لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بریندار کران و 14 کەسیش لە لایەنگرانی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ دەستبەسەرکران.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "خۆپیشاندەران رێگەی مووشیان داخست و ئاگریان کردەوە؛ پەنجەرەی باڵەخانەی شارەوانییان شکاند و بەردیان لە پۆلیس گرت. بۆیە پۆلیس دەستوەردانی کرد و لە ئەنجامدا 14 کەس دەستبەسەر کران. لەو رووداوانەدا، بە بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەکەوە پێنج ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون."
دوای هەڵبژاردنی 31ی ئادار لە شارۆچکەی نۆرشین، ئەشرەف موتڵوی بەربژێری ئاکپارتی بوو بە سەرۆکی شارەوانی.
بەربژێرەکەی پارتی سەرلەنوی رەفاهـ تەنیا 16 دەنگی کەمترە لە بەربژێرە براوەکەی ئاکپارتی و لایەنگرانی ئەو پارتە پێیان وایە، دەکرا پڕۆسەکە رێکوپێکتر بوایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ