رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر چیای گارە و مەتین لە سنووری پارێزگای دهۆک شەش گەریلا گیانیان لەدەستداوە. هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگەش باس لەوە دەکات، سێ سەربازی سوپای تورکیایان کوشتوون و سێ سەربازی دیکەشیان بریندار کردوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی نیسانی 2024 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاویکردووەتەوە، لە ناوچەکانی چیای گارە و مەتین شەش گەریلای پەکەکە دەستنیشان کراون و لە هێرشێکی ئاسمانیدا کراونەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزە چەکدارەکانیان لە بەئامانجکردنی بنکەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان بەردەوام دەبن.
هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە کە باڵی چەکداریی پەکەکەیە هێرشەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
هەپەگە رۆژی پێنجشەممە 4ی نیسانی 2024 لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی سێ سەربازی دیکەی سوپای تورکیای لە ئەنجامی هێرشێکی گەریلاکان بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی زاپ لە پارێزگای دهۆک راگەیاند.
ئەم هێرشە ئاسمانییە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 بۆ سەر ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپ لە هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ