رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، نامەی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە و ویستی خۆی بۆ دانوستاندن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی پێ راگەیاندووە.
رۆژی هەینی، 07ی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە و تێیدا داوای کردووە دانوستاندن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، خوازیارە دانوستاندن لەگەڵ ئێران بکات؛ گوتیشی: "نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. هیوادارم دانوستاندن بکەن، چونکە ئەو رێگەیە زۆر باشترە بۆ ئێران".
ترەمپ گوتی، دوێنێ پێنجشەممە نامەکەی بۆ رێبەری ئێران ناردووە و هۆشداریشی دا کە "ئەگەر ئێران دانوستاندن نەکات، زۆر خراپ دەبێت بۆی".
02ی ئاداری 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، باشترین رێگە بۆ تاران ئەوەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بکات.
پزیشکیان گوتی: "ئەمریکا سزا ئابووری و گوشارەکانی بۆ سەرمان چڕکردوونەتەوە، بەڵام ئێمە ستراتیژمان هەیە رووبەڕووی ئەو رێکارانە ببینەوە. لە جەنگێکی فرەلایەنییداین و دەبێت ئامادەبین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ