رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لەنێوان 19 بۆ 30ـی ئایاری ئەم ساڵ رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان دەتوانن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگبدەن.
بەپێی زانیارییەکان کە رۆژی چوارشەممە 07-02-2024 دەستی رووداو کەوتووە، "بڕیارە لەنێوان 19 بۆ 30ـی ئایار، رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت، بەڵام هێشتا هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەستنەگەیشتووە".
سێ ملیۆن و 789 هەزار و 630 دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا دوو ملیۆن و 787 هەزار و 689 کەس کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە و دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن.
ئامارەکانی دەرکردنی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە:
لە هەولێر، یەک ملیۆن 366 هەزار و 462 دەنگدەر هەن؛ لەو ژمارەیە 963 هەزار و 783 کەسیان بایۆمەترییان کردووە؛ 402 هەزار و 679 کەس بایۆمەترییان دەرنەکردووە.
لە سلێمانی، یەک ملیۆن و 496 هەزار و 152 دەنگدەر هەیە؛ لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 113 هەزار و 819 کەس بایۆمەترییان کردووە؛ 382 هەزار و 333 کەس بایۆمەترییان نەکردووە.
لە دهۆک، 926 هەزار 746 دەنگدەر هەن؛ لەو ژمارەیە 710 هەزار و 78 کەس بایۆمەترییان کردووە و 216 هەزار و 659 کەس بایۆمەترییان نەکردووە.
هاونیشتمانیان تاوەکو 22ـی ئەم مانگەیان لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی بایۆمەتری بکەن و مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن هەبێت.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 31-01-2024 رایگەیاند، دەست بە تۆمارکردنی لەدایکبووانی ساڵی 2006 و ئەو کەسانە دەکرێت کە تۆماری بایۆمەترییان نەکردووە و بڕیارە تاوەکو 22ـی ئەم مانگە بخایەنێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووجار رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکرد؛ یەکەمجار رۆژی 1/10/2022 وەک رۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان کرا، بەڵام دواتر نەتواندرا لەو کاتەدا هەڵبژاردن بکرێت و بۆ جاری دووەم 25ـی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکرا، بەڵام دووبارە نەتواندرا لە کاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت.
ئێستا گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی رۆژێکی نوێ دەکرێت. 16ـی مانگی رابردوو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، بە راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ