رووداو - گەرمیان
کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆی سێشەممە، لەدوای راهێنانی پیشەیی لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ بەشە نێوخۆییەکەی، ئۆتۆمبێلێک لە ژیرۆ تەها، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانیی دا و گیانی لەدەستدا. دایکی و کەسوکاری لە گەرمیان بە گریانەوە پێشوازییان لە تەرمەکەی کرد.
ژیرۆ تەها خەڵکی کەلارە، خوێندکاری قۆناخی چوارەمی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی بوو. ئیدریس ژاڵەیی، ئامۆزای ژیرۆ دەڵێت، ژیرۆ "هاتووچۆی کردووە بۆ بەجێهێنانی ئەو تەتبیق و کارانەی لە نەخۆشخانەکان دەکرێن، سەرقاڵی ئەوە بووە و هاتووچۆی ئەمبەر و ئەوبەری شەقامی کردووە بۆ نەخۆشخانەی شار، لەوێ ئۆتۆمبێلێک لێیداوە و رۆژی تەواو بووە."
ژیر تاوەکو قۆناخی سێیەم لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بووە. بە گوتەی هاوڕێکانی، بەهۆی دانپێدانەنانی حکومەتی عێراق بە زانکۆی گەرمیان، خوێندنەکەی گواستووەتەوە بۆ زانکۆی سلێمانی.
بیلال محەممەد، هاوڕێی ژیرۆ ئاماژەی بەوە کرد، "هۆکاری رۆیشتنی بۆ سلێمانی، بەهۆی خراپیی کۆلێژەکەیەوە بووە، بەهۆی نەبوونی ستافەوە بووە بۆئەوەی وانەی پێ بڵێنەوە، بەهۆی نەبوونی دانپێدانان بوو بە زانکۆکەی، بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی فێرکاری بوو، بۆیە رۆشت بۆ سلێمانی."
هیشام ئەحمەد، هاوڕێی ژیرۆ گوتی، "دوا جار قسەمان کرد، ئەوە بوو کام هەفتەیە بێت و پێکەوە بین لە کۆتایی هەفتە لەگەڵ برادەرێکی دیکەمان، ئەوە بوو من و برادەرەکەی دیکەم ماینەوە و هاتینە سەر تەرمەکەی لەسەر گۆڕستان پێکەوە کۆبووینەوە."
محەممەد هیشام، هاوڕێی ژیرۆ باسی لەوە کرد، "بەرامبەر یەک بووین لە داخلی، هەموو رۆژێک بەیەکەوە بووین، بەیەکەوە دەڕۆیشتین بۆ زانکۆ و بەیەکەوە رۆشتووینەتەوە. قەدەری خودا بەس ئەمڕۆ بەیەکەوە نەبووین، خوا حافیزیی لێکردم و دوای 10 خوولەک هەواڵیان هێنا و گوتیان، ئەو کوڕە هاوڕێی تۆیە و ئۆتۆمبێل لێیداوە. ئێستاش باوەڕ ناکەم."
خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان ماوەی دوو مانگ خۆپێشاندانیان کرد، داوای سەرەکییان داخستنی بەشەکەیان و گواستنەوەیان بۆ زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ