وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ژنانەی لە شێڵتەرەکانن دابین دەکرێت

06-12-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ژنانە داوە کە لە شێڵتەرەکاندان و هیچ کێشەیەکی یاساییان نەماوە، بەڵام خێزانەکانیان ئامادە نین وەریانبگرنەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 06-12-2023، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر داوای کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رەزامەندی لەسەر دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ژنانە درا کە لە شێڵتەرەکاندان و هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام کەسوکاریان وەریان ناگرنەوە".
 
لە هەرێمی کوردستان چوار شێڵتەر هەن، ئەوانیش لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانن. ئەوەی گەرمیان تەنیا بۆ ماوەی 72 کاژێرە، واتە ئەو ژنەی کێشەی هەیە بە شێوەی کاتی لەوێ دەمێنێتەوە و ئەگەر لەو ماوەیەدا کێشەکەی چارەسەر نەکرا، دەنێردرێتە سلێمانی.
 
ئاریان ئەحمەد دەڵێت، "مەرج نییە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ژنانە دروستبکرێت؛ دەکرێت یەکەی ئامادەکراویان پێ بدرێت. لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کۆبووینەتەوە. ئەوان پێشنیازیان کردووە کە ئەگەر یەکەی حکومیش نەبێت، لە کەرتی تایبەت یەکەیان بۆ وەربگرین. ئێستا کارەکان تەواو بوون و چاوەڕوانی وەبەرهێنان دەکەین یەکەکان دیاری بکەن و ئاگادارمان بکەنەوە".
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارو و کاروباری کۆمەڵایەتی، هەر ژنێک لە شێڵتەرەکاندا بێت و کێشەی یاسایی نەبێت، بەڵام کەسوکاری ئامادەنەبن وەری بگرنەوە، ئەو یەکەیەی بەشێوەی کاتی پێ دەدرێت.
 
نزیکەی 70 ژن لە شێڵتەرەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکدان. ئاریان ئەحمەد دەڵێت، "ژنەکان لە یەکەکان دەبن تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت و دوای ئەوە یەکەکان دەبنەوە موڵكی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بۆ دۆخی دیکە سوودیان لێ وەردەگیرێت. ئەو یەکانەش لە هەموو پارێزگا و ئیدارەکان دەبن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.