نێچیرڤان بارزانی: نەجمەدین کەریم بەسەربەرزی ژیا و بەسەربەرزی یادی دەکەینەوە

06-11-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
نێچیرڤان بارزانی تاجەگوڵینە لەسەر تەرمی د. نەجمەدین کەریم دادەنێت. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نێچیرڤان بارزانی تاجەگوڵینە لەسەر تەرمی د. نەجمەدین کەریم دادەنێت. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نیشانەکردن نەجمەدین کەریم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی د. نەجمەدین کەریم لە هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بەوە کرد، د. نەجمەدین کەریم بە سەربەرزی ژیاوە و "هەر یەکێک لە ئێمەش دەتوانێت زۆر بە سەربەرزی یادی بکاتەوە". 
 
نێچیرڤان بارزانی لە باسی د. نەجمەدین کەریم رایگەیاند، ئەو کەسێکی ئازا بووە و "ئازایەتییەکی کەرکووکییانە و گەرمیانییانە لە خوێنیدا هەبوو، هەر ئەو بوێریەشی بووە وایکردووە چەندین هەڵوێست لە مێژووی خۆیدا تۆمار بکات". یەکێک لە هەڵوێستەکانی د. نەجمەدین کەریمیش، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوو لە کەرکووک.
 
نەجمەدین کەریم لە ساڵی 2011 بووە پارێزگاری کەرکووک و تاوەکو 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئەو پۆستەی هەبوو. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "یەکێک بوو لەوانەی جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو مام جەلال بوو. ئەو عاشقی کەرکووکیش بوو و وەک خۆی دەیگوت 'کەرکووک بۆ ئەو وەکو دڵ وایە'. بۆیە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کاری بۆ کەرکووک دەکرد". 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە کارەکانی د. نەجمەدین کەریم لە کەرکووک کرد و گوتی، "گەورەترین بووژاندنەوەی کەرکووک لەسەردەمی ئەودا بووە". نەخۆشخانە، رێگەوبان و خزمەتگوزاریی ناوخۆیی بۆ پارێزگاکە دابین دەکرد و "ساڵانە نزیکەی 400 پرۆژەی لە کەرکووک جێبەجێدەکرد". 
 
نەجمەدین کەریم درکی بەوە کردبوو کە کەرکووک کێشەی سەرەکییە لە عێراق، نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا باسی هەوڵەکانی د. نەجمەدین کەریمی کرد لەگەڵ مام جەلال و سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک. گوتیشی "بە دڵسۆزیشەوە کاری دەکرد بۆ ئەوەی کێشەکانی کەرکووک چارەسەر بکات". 

 

 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت، "بەداخەوە" بەهۆی پابەندنەبوونی لایەنە عێراقییەکان بە ماددەی 140ـی دەستووری، وایکردووە کێشەی کەرکووک بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە، "ئەوەش زیانی زۆری هەیە بۆ هەموو عێراق". 
 
نێچیرڤان بارزانی پێیشیوایە، ئەو کێشانەی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەن، تاوەکو دوابخرێن زیاتر دەبن، گوتیشی "دەبێت کێشەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی دیکە بە دیالۆگ و لەسەر بنچینەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق چارەسەربکرێت". 
 
د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک رۆژی 31ی مانگی رابردوو و دوای تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گیانی لەدەستدا.
 
کارۆخ سەید رزگار، گوتەبێژی بنەماڵەی پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەر وەسێتی خۆی، د. نەجمەدین کەریم بەشێوەیەکی کاتی لە هەرێمی كوردستان بەخاکدەسپێردرێت تاوەکو ئەوکاتەی شاری کەرکووك ئازاد دەکرێت و لە ئەمنییەت و ئارامیی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، ئەوکاتە بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەبردرێتەوە شاری کەرکووكی پیرۆز".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیوادارن بە زوویی بتوانن وەسێتەکەی د. نەجمەدین جێبەجێبکەن و تەرمەکەی بگەڕێننەوە کەرکووک. 
 
چەند زانیارییەک لەبارەی نەجمەدین کەریم و کارەکانی:
 
- ساڵی 1949 لە کەرکووک لەدایکبووە
 
- خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی لە کەرکووک تەواوکرد
 
- بەکالۆریۆسی لە زانستی پزیشکی گشتی لە زانکۆی موسڵ لە ساڵی 1971 بەدەستهێنا
 
- ساڵی 1972 پەیوەندیی کرد بە ریزەکانی پێشمەرگەوە
 
- ساڵی 1976 کاتێک مەلا مستەفا بارزانى نەخۆشکەوت، وەکو پزیشکی تایبەت لەگەڵیدا چووە ئەمریکا
 
- لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری نەشتەرگەریی مێشک و دەماردا بەدەستهێنا
 
- ساڵی 1988 کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی لە ئەمریکا دامەزراند و تاوەکو ساڵی 1999 سەرۆکی بوو
 
- رۆڵی لە دامەزراندنی بەشی کوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریکا هەبوو
 
- ساڵی 2009 گەڕایەوە باشووری کوردستان
 
- لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیدا لە ساڵی 2009 بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی
 
- ساڵی 2011 بۆ 2017 پارێزگاری کەرکووک بوو
 
- سەرۆکی لیستی کوردستانی بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بۆ ساڵی 2014
 
- لە سەردەمی دەسەڵاتیدا وەکو پارێزگار، ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە کەرکووک هەڵکرا
 
- رۆڵی گەورەی لە بووژاندنەوەی کەرکووکدا هەبوو
 
- رۆڵی کاریگەری لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە پارێزگای کەرکووک هەبوو
 
- رۆژی 31-10-2020 لە ئەمریکا بە جەڵتەی مێشک کۆچی دواییکرد
 
 
دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی:
 
كەسوكار و بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو د. نەجمەدین كەریم

ئامادەبووانی بەڕێز

كوردستانیانی خۆشەویست

ئەمڕۆ هەموومان لێرە بە خەمباری، بەڵام بە سەربەرزی پێشوازی لە تەرمی كەسایەتيی لێهاتوو و تێكۆشەری كوردستان د. نەجمەدین كەریم دەكەین. د. نەجمەدین كەریم بە سەربەرزی ژیا، هه‌ر يه‌كێك لە ئێمەش دەتوانێت زۆر بە سەربەرزی یادی بكاتەوە، ئەمڕۆش ئێمه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ بە سەربەرزی پێشوازی له‌ ته‌رمى پيرۆزى ده‌كه‌ين. 

د. نەجمەدین كەریم كەسێكی ئازا و بوێر بوو. ئازایەتییەكی كەركووكیانە و گەرمیانیانە لە خوێنیدا هەبوو، هەر ئەو بوێرییەش وایكرد چەندين هەڵوێست بخاتە مێژووی خەبات و كار و ژیانی خۆیەوە. د. نەجمەدین كەریم بەر لە تەواوكردنی خوێندنی پزیشكی لە عێراق، ببووە ئەندامی یەكێتيی قوتابیانی كوردستان، دوای تەواوكردنی خوێندنیش بەبێ دوودڵی وەك پزیشكێك پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە كرد و بووە پێشمەرگە. لە ماوەیەكی كورتیشدا توانی ببێتە جێگەی متمانەی مەلا مستەفاى بارزانيی ڕابەری شۆڕش. دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ئاگادار و بەشدار بوو له‌ هەندێك لە ئامادەكارییەكان بۆ درێژەپێدان بە شۆڕش و هەڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان. دوای نەخۆشكەوتنه‌وه‌ی بارزانيی نەمر، د. نەجمەدین كەریم وه‌ك پزیشكێك لەگەڵى چوو بۆ ئەمه‌ریكا. 

د. نەجمەدین كەریم، لە كاتی مانەوەی لە ئەمه‌ریكا خوێندنی باڵای لە بوارەكەیدا تەواو كرد و بووە یەكێك لە پزیشكە متمانەپێكراوەكان لە سەرتاسه‌رى ئەمه‌ریكا، لە بواری ئەكادیمیشدا پێگەیەكی بەرزی هەبوو. دكتۆر پێشكەوتنی خۆی لە بواری پزیشكیدا بۆ پەیداكردنی دۆست بۆ چارەسەری كێشەی كورد بەكارهێنا، هەوڵی دەدا زۆرترین پشتیوانی بۆ مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنێت. بە ڕاستی كاتی مانەوەى لە ئەمه‌ریكا، زۆر دۆستی بۆ كورد پەیدا كرد و بەردەوام كارئاسانی دەكرد بۆ شاندی پارتەكانی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بەرپرسانی ئەمه‌ریكا ببینن و قسه‌يان له‌گه‌ڵ بكه‌ن. بەو شێوەیە بە درێژایيی ژیانی لە ئەمه‌ریكا، لە خەباتكردن بۆ كوردستان دانەبڕا و بەهۆی كاركردنييه‌وه‌ بۆ كوردستان، دۆستایەتی لەگەڵ حزب و لايه‌نه‌كانى هەموو پارچەكانی ترى كوردستان دروست كردبوو. 

بەڕێزان..

د. نەجمەدین كەریم ساڵی 2009 گەڕایەوە كوردستان و بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسيی یەكێتيی نیشتمانیی كوردستان، بە ڕاستیش یەكێك بوو لەوانەی جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو مام جەلال بوو، د. نەجمەدین كەریمیش بۆ خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال، ئه‌وه‌ى پێى كرا بە دڵسۆزی جێبه‌جێى ده‌كرد.

د. نەجمەدین عاشقی كەركووك بوو، وەك خۆی دەیگوت كەركووك بۆ ئەو وه‌كوو دڵ وايە، لەبەر ئەوەش كه‌ نیسانی 2011 بووە پارێزگاری كەركووك، بە عەشقەوە و به‌وپه‌ڕى دڵسۆزييه‌وه‌ كاری بۆ كەركووك دەكرد و بە هیچ شێوەیەكيش لە كاركردن بۆ كەركووك و كەركووكییەكان ماندوو نەدەبوو. ئەگەر تەماشای ئەو ماوەیە بكەین كە د. نەجمەدین كەریم پارێزگار بوو، دەبینین گەورەترین بووژانەوەی كەركووك لە سەردەمی ئەودا بووە. نزیكەی (600) قوتابخانە دروست كران، سێدەوامی لە قوتابخانەكانی كەركووك نەما، زیاتر لە (30) بنكەی تەندروستی دروست كران، 70%ی جاده‌ى ناو گەڕەكەكانی كەركووك قیڕتاو كران، نەخۆشخانەی ئازادی بە شێوەیەكی زۆر باش نۆژەن كرایەوە، نەخۆشخانەیەكی گەورەی هاوچەرخ بۆ حەویجە دروست كرا، ڕێگەی سلێمانی ـ كەركووك ـ بەغدا، هەروەها ڕێگەی كەركووك ـ هەولێر كرایە جووتسایدى، بەنداوی خاسەجای دروست كرد، ساڵانە نزیكەی (400) پڕۆژەى لە كەركووك جێبەجێ ده‌كرد.

د. نەجمەدین كەریم هەوڵی دەدا خزمەتی هەموو كەركووكییەكان بكات بە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانەوە،  بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوەشی دەزانی كە كەركووك كێشەی ناوەندیی كوردستانە لە عێراق، لەبەر ئەوەش لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆك مام جەلال به‌وپه‌ڕى دڵسۆزييه‌وه‌ هه‌وڵى ده‌دا كه‌ ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. 

زۆرێك له‌و پرۆژانه‌ كه‌ به‌ هاوكاريى ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ كه‌ركووك جێبه‌جێ ده‌كران، جه‌نابيان به‌وپه‌ڕى دڵسۆزييه‌وه‌ كه‌ ده‌هات و قسه‌ى له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌كرد، هه‌ميشه‌ پێداگرى له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ده‌بێت هاوكارى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان له‌ كه‌ركووك به‌ شێوه‌يه‌كى باش جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌و به‌وپه‌ڕى دڵسۆزييه‌وه‌ هه‌وڵى ده‌دا كه‌ كێشه‌كانى كه‌ركووك چاره‌سه‌ر بكات، ده‌يزانى گرفتى بنه‌ڕه‌تيى نێوان حكوومه‌تى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان مه‌سه‌له‌ى كه‌ركووكه‌ كه‌ جه‌وهه‌رى بنه‌ڕه‌تيى كێشه‌كانه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر پابه‌ندنه‌بوونى لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان به‌ مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراق، تا ئێستاش ئه‌و كێشه‌يه‌ به‌ هه‌ڵواسراوى ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش زيانێكى زۆرى هه‌بووه‌ و هه‌يه‌ بۆ هه‌موو عێراق. 

لێرەشه‌وه‌ لەبەردەم تەرمی د. نەجمەدین كەریمدا، جارێكی دیكە دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كێشه‌ى كه‌ركووك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بە شێوه‌يه‌كى ئاشتیانە و بە دیالۆگ، لەسه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق چاره‌سه‌ر بكرێت. هەرچەند ئه‌و كێشه‌يه‌ دوا بخرێت، ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیەش ئێمە جارێكی تر داوا دەكەین، پێكەوە دابنیشین و ئەو كێشانه‌ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بكەین. 

بەڕێزان.. 

د. نەجمەدین كەریم، دوای ژیانێكی پڕ لە كار و تێكۆشان، بەجێی هێشتین. ئەمڕۆ جارێكی دیكە هاوخەميی خۆم و سەرۆكایەتيی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەسوكار و خزمانی، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى خۆشه‌ويستى شارى كەركووك و هەموو گەلی كوردستان، دووپات دەكەمەوە. لەسەر وەسیەتی خۆی، ئەمڕۆ بە شێوەیەكی كاتی لە هەولێر دەنێژرێت. هیوادارین زوو ئەو هیوایەی د. نەجمەدین بێته‌ دى كە داواى كردبوو ته‌رمه‌كى بۆ هه‌ميشه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شارى كه‌ركووك. هيوادارين دۆخێكى وا به‌ زوويى بێته‌ كايه‌وه‌ و ئێمه‌ بتوانين ته‌رمى د. نه‌جمه‌دين بگه‌ڕێنينه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك.

ديسانه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكارى د. نه‌جمه‌دين ده‌كه‌م، سه‌ره‌خۆشى له‌ سۆزان خان و منداڵه‌كانى ده‌كه‌م، هاوبه‌شى خه‌ميانين و هيوادارم دوا خه‌ميان بێت.

هه‌موو لايه‌كيتان به‌خێر بێن، زۆر سوپاس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە