نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک کۆچی دواییکرد

31-10-2020

02:53

سیناتۆرێکی ئەمریکی: نەجمەدین کەریم لە شەڕی داعشدا هاوکاریی کردین

سیناتۆرێکی ئەمریکی: نەجمەدین کەریم لە شەڕی داعشدا هاوکاریی کردین
 
 
 
ڤان هۆڵێن، سیناتۆری ئەمریکی، خەمباریی خۆی بە کۆچی دوایی، د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک دەردەبڕێت و دەڵێت، "کەسێکی تایبەت، دیپلۆماتکار و پێداگرێکی چالاکی دادگەریمان لەدەستدا."
 
سیناتۆرە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە داوە کە د. نەجمەدین کەریم دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام "ژیانی خۆشی" ئەمریکای جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ یارمەتیدان لە بونیاتنانەوەی عێراقێکی نوێ و زیاتر دادگەر و دیموکراتی.
 
ڤان هۆڵێن باسی لەوە کردووە کە د. نەجمەدین لە شەڕی داعشدا یارمەتیی ئەمریکای داوە. هەروەها دەڵێت، "جیهان پیاوێکی زۆر ئازا و پێداگر لەسەر پرەنسیپەکانی دژی سەختییەکان، لەدەستدا."
 
زیاتر بخوێنەوە

23:49

عەبدوڵڵا موھتەدی: د. نەجمەدین کەریم کەسایەتییەکی کوردستانیی راستەقینە بوو

عەبدوڵڵا موھتەدی: د. نەجمەدین کەریم کەسایەتییەکی کوردستانیی راستەقینە بوو
 
 
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پەیامێکی پرسە و سەرەخۆشیی بە بۆنەی کۆچی دوایی د. نەجمەدین کریمەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، د. نەجمەدین کەسایەتییەکی کوردستانیی راستەقینە بوو.
 
عەبدوڵڵا موھتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، دۆستایەتییان لەگەڵ کۆچکردوودا بۆ زیاتر لە 20 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە کە لە ئەمریکا هاوکاریی کردوون.
 
عەبدوڵڵا موھتەدی باسی لەوە کردووە کە د. نەجمەدین کەریم بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان و هەموو لایەنەکان لە هیچ یارمەتی و هاوکارییەک درێخیی نەدەکرد.
 
پەیامی پرسە و هاوخەمی سکرتێری گشتی کۆمەڵە بە بۆنەی مەرگی دوکتۆر نەجمەدین کەریم
 
بەیادی کەسایەتی دڵسۆز و تێکۆشەری کورد، دۆستی بەنرخمان، دوکتۆر نەجمەدین کەریم.
 
بەداخەوە شەوی رابردوو، دوکتۆر نەجمەدین کەریم، کەسایەتی ناسراو و خۆشەویستی کورد، پارێزگاری کەرکوک و دۆستی بەنرخ و خۆشەویستی ئێمەمانانی کوردی رۆژهەڵات، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:28

بارزانی: کۆچی دوایی نەجمەدین کەریم دڵتەنگ و خەمباری کردم

سەرۆک بارزانی و نەجمەدین کەریم
سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی لەبارەی کۆچی دوایی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بڵاوکردەوە و دەڵێت، بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی (د. نەجمەدین كەریم)ـم پێگەیشت. بەم هەواڵە زۆر دڵتەنگ و خەمبار بووم.
 
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ماڵباتی کۆچکردوو دەکات و دەشڵێت "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.".
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی نەجمەدین کەریم
 
پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی دکتۆر نەجمەدین كەریم
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی (د. نەجمەدین كەریم)ـم پێ گەییشت. بەم هەواڵە زۆر دڵتەنگ و خەمبار بووم.
 
سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو نەجمەدین كەریم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
 
انا للە و انا الیه راجعون
مسعود بارزانی
31ـی تشرینی یەكەمی 2020
 
زیاتر بخوێنەوە

15:06

نێچیرڤان بارزانی: د. نەجمەدین کەریم تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک رایدەگەیێنێت، هەواڵی کۆچیی دواییەکەی بۆ "ئێمە و گەلی کوردستان خەمناک بوو"، ئەو دڵسۆزی كوردستان و نەتەوەكەی بوو و تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی كوردستان. 
 
لە پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، د. نەجمەدین کەریم وەك پزیشكێكی لێهاتوو و پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا كردووە، "له‌ كاتى نه‌خۆشكه‌وتنى بارزانيى نه‌مردا، دڵسۆزانه‌ خزمه‌تى كرد. لە ئەمریكاش وەك پزیشكێكی كارامه‌ كاری كرد بەبێ ئەوەی لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی داببڕێت".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باسی د. نەجمەدین کەریم دەڵێت، هۆگری و پابەندییەكی بێسنووری بۆ شارەكەی، كەركووك، هەبوو. دوای ئەوەی بووە پارێزگار، زۆر كاری گرنگی خزمەتگوزاری بۆ كه‌ركووك ئه‌نجام دا، "دووركەوتنەوەشی لە كەركووك بە شێوەیەكی نائاسایی و بارودۆخی ئاڵۆزی شاره‌كه‌، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دروستكردبوو". 
 
لەکۆتایی پەیامەکەیشیدا ئاماژەی بەوە کردووە، خەبات و دڵسۆزیی د. نەجمەدین كەریم لە بیری ئێمە و هەموو دۆست و ئاشنایانی و خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمینێتەوە. 
 
دەقی پرسه‌نامه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ كۆچى دوایی د. نه‌جمه‌دين كه‌ريم 
 
كۆچی دوایيی د. نەجمەدین كەریم، بۆ ئێمە و بۆ گەلی كوردستان هەواڵێكی خەمناك بوو. پرسە و سەرەخۆشيی قووڵم پێشكه‌ش بە هاوسەر و منداڵەكانی، كەسوكار و خزمانی و خەڵكی كەركووك و گەلی كوردستان دەكه‌م، هاوخه‌ميانم.
 
د. نەجمەدین كەریم، تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی كوردستان و وەك پزیشكێكی لێهاتوو و پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا كرد. له‌ كاتى نه‌خۆشكه‌وتنى بارزانيى نه‌مردا، دڵسۆزانه‌ خزمه‌تى كرد. لە ئەمه‌ریكا وەك پزیشكێكی كارامه‌ كاری كرد بەبێ ئەوەی لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی داببڕێت.
 
هۆگری و پابەندییەكی بێسنووری بۆ شارەكەی، كەركووك هەبوو. دوای ئەوەی بووە پارێزگار، زۆر كاری گرنگی خزمەتگوزاری بۆ كه‌ركووك ئه‌نجام دا، دووركەوتنەوەشی لە كەركووك بە شێوەیەكی نائاسایی و بارودۆخی ئاڵۆزی شاره‌كه‌، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دروستكردبوو.
 
د. نەجمەدین دڵسۆزی كوردستان و نەتەوەكەی بوو، لەبەر ئەوەش پەیوەندییەكی زۆر فراوانی لەگەڵ خەڵك و هێز و لایەنەكانی كوردستاندا هەبوو، به‌تايبه‌تى سه‌رۆك بارزانى و خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال، بۆ هه‌موو ئەو ئەركانەش ئاماده‌ بوو كه‌ بەهۆی ئەو پەیوەندییە فراوانەیەوە دەكەوتنە سەرشانی.
 
خەبات و دڵسۆزیی د. نەجمەدین كەریم لە بیری ئێمە و هەموو دۆست و ئاشنایانی و خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمینێتەوە. 
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/10/2020
زیاتر بخوێنەوە

13:28

مستەفا هیجری: د. نەجمەدین کەریم دۆستێکی دێرین و بەئەمەکمان بوو


رووداو دیجیتاڵ

مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی د. نەجمەدین کەریم دەکات و بە دۆستێکی "دێرین و بەئەمەکی" حیزبەکەی ناوی دەبات. دەشڵێت، د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ "بڕگه‌یه‌كی هه‌ستیاری مێژووییدا پارێزگاری كه‌ركووک بوو و هه‌ر له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر پارێزگای كه‌ركووک هه‌ڵكرا".
 
دەقی پەیامەکەی مستەفا هیجری: 
 
هه‌واڵێک گه‌یشت كه‌ دوکتور" نەجمەدین کەریم" تێکۆشەری دێرینی خەباتی کوردایەتی و ئه‌ندامی پێشووی ده‌فته‌ری سیاسیی یه‌كیه‌تیی نیشتمانیی كوردستان، ڕۆژی هەینی ٣٠ی مانگی ئۆکتۆبر لە نەخۆشخانەیەکی ئامریکا کۆچی دوایی کرد.
دوكتور نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ بڕگه‌یه‌كی هه‌ستیاری مێژووییدا پارێزگاری كه‌ركووک بوو و هه‌ر له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر پارێزگای كه‌ركووک هه‌ڵ كرا.
 
وێڕای خه‌باتی دوورودرێژی دوكتور نه‌جمه‌دین له‌ ڕێبازی ڕزگاریی كوردستان، دۆستێكی دێرین و به‌ئه‌مه‌گی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش بوو.
 
بەم بۆنەوە سەرەخۆشیی خۆمان پێشکەش بە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی و کەسوکاری خوالێخۆشبوو و هه‌موو ئۆگرانی سه‌ربه‌ستیی كوردستان دەکەین و خۆمان لە پەژارەیاندا بە بەشدار دەزانین.
 
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
١٠ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٩
٣١ی ئۆكتۆبری ٢٠٢٠
 
زیاتر بخوێنەوە

13:10

مەسرور بارزانی: نەجمەدین کەریم کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر بوو

د. نەجمەدین کەریم

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک دەکات و دەڵێت، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروە ر و تێکۆشەر بووە و "رۆڵێكى گرنگیی لە خه‌باتى رزگاریخوازى گه‌لى كوردستان و ناساندنی پرسی کورد لە نێوەندە دیپلۆماسیی و ئەکادیمییە جیهانییەکاندا هەبوو".
 
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 
 
به‌داخ و پەژارەیەکی زۆره‌وه‌، هه‌واڵى كۆچى دوایى کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری دیار و بە هەڵوێستی کوردستان (دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم) م پێگەیشت. 
 
د. نەجمەدین لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە وەک پێشمەرگەیەک و سەرکردەیەکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و دواتریش لە دەرەوەی وڵات، رۆڵێكى گرنگیی لە خه‌باتى رزگاریخوازى گه‌لى كوردستان و ناساندنی پرسی کورد لە نێوەندە دیپلوماسیی و ئەکادیمییە جیهانییەکاندا هەبوو. لە دواى ئازادکردنی عێراقیش لە رژێمی دیکتاتۆریی، وەک پارێزگاری کەرکووک، جێدەستی لە قووڵكردنه‌وه‌ى گیانى بەیەکەوه‌ژیانى ئاشتییانەی نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان دیار بوو. 
 
پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى خۆم له‌ بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌ى و خه‌ڵكى كوردستان و بەتایبەتی شاری کەرکووک ده‌كه‌م و هاوبه‌شى خه‌میانم، خواى مه‌زن گیانى به‌ به‌هه‌شت شاد بكات و ئارامییش بە هەموومان ببەخشێت.
 
مه‌سرور بارزانى 
سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
2020/10/31
 
زیاتر بخوێنەوە

11:37

کۆسرەت رەسوول: نەجمەدین کەریم زیاتر لە نیو سەدە خزمەتێكی گەورەی بە میلـلەتەكەمان كردووە

کۆسرەت رەسوول: نەجمەدین کەریم زیاتر لە نیو سەدە خزمەتێكی گەورەی بە میلـلەتەكەمان كردووە
 
کۆسرەت رەسوول، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک دەڵێت، "دكتۆر نەجمەدین كەریم سیاسەتمەدار، دیپلۆماتكار و تێكۆشەرێكی گەورەی گەلەكەمان بوو.. لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات خزمەتێكی ئێجگار گەورەی بە میلـلەتەكەمان كردووە".
 
دەقی پەیامی کۆسرەت رەسوول: 
 
‎كۆسرەت ڕەسول هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی دكتۆر نەجمەدین كەریم دەردەبڕێت
 
‎بە خەم و پەژارەیەكی یەكجار قووڵەوە هەواڵی كۆچی دوایی (دكتۆر نەجمەدین كەریم)م زانی.
 
‎دكتۆر نەجمەدین كەریم سیاسەتمەدارو دیبلۆماتكارو تێكۆشەرێكی گەورەی گەلەكەمان بوو، یەكێك بوو لە نزیكترین هاوڕێ و دۆستەكانی جەنابی مام جەلال، لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە، هەمیشە خەباتی دەكرد لەپێناو میللەتەكەمان و خۆشگوزەرانی زیاترو گەیشتن بە مافە ڕەواكانمان، لە سەردەمی كاركردنی وەك پارێزگاری كەركووك لەڕووی خزمەتگوزاری و بەرقەراربوونی دۆخی ئەمنی و پێكەوەژیان لە شارەكە توانی خزمەتێكی یەكجار گەورە بە كەركووك و كەركووكییەكان بكات.
 
‎بەداخەوە ئەمڕۆ كۆچی دوایی كردو بۆ هەتا هەتایە هەموومانی جێهێشت، خەمی كۆچی دوایی دوایی و لەدەستدانی دكتۆر نەجمەدین كەریم ئازارێكی قووڵەو هەموومان نیگەرانین، پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاراستەی خۆمان و خانەوادە تێكۆشەرەكەیان. دەكەم، داواكارم خوای گەورە سەبووری هەموومان بدات و كۆچكردووش جێگای بەهەشتی بەرین بێت.
 
‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان
 
زیاتر بخوێنەوە

11:28

پرۆفایلی د. نەجمەدین کەریم

پرۆفایلی د. نەجمەدین کەریم
نەجمەدین کەریم
 
ساڵی 1949 لە کەرکووک لەدایکبووە
 
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە کەرکووک تەواوکردووە
 
بەکالۆریۆسی لە زانستی پزیشکیی گشتی لە زانکۆی موسڵ لە 1971 بەدەستهێناوە
 
ساڵی 1972 پەیوەندیکردووە بە ریزەکانی پێشمەرگەوە
 
ساڵی 1976 کاتێک مەلا مستەفا بارزانى نەخۆش دەکەوێت وەک پزیشکی تایبەتی لەگەڵیدا دەچێتە ئەمریکا 
 
لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری نەشتەرگەریی مێشک و دەمار بەدەستهێناوە
 
ساڵی 1988 کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی لە ئەمریکا دامەزراند و تاوەکو ساڵی 1999 سەرۆکی بوو
 
رۆڵی لە دامەزراندنی بەشی کوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریکادا هەبوو
 
ساڵی 2009 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان 
 
لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیدا بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە
 
سەرۆکی لیستی کوردستانی بوو لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014
 
2011 بۆ 2017 پارێزگاری کەرکووک بوو
 
رۆڵی لە ئەنجامدانی گشتپرسی لە پارێزگای کەرکووک هەبوو
 
زیاتر بخوێنەوە

10:40

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک کۆچی دواییکرد

د. نەجمەدین کەریم
 
رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی پارێزگاری پێشووی کەرکووک رایگەیاند، نەجمەدین کەریم دوای نەخۆشکەوتنی لە ئەمریکا گیانی لەدەستداوە و "لەسەر داوای خۆی تەرمەکەی دەهێندرێتەوە بۆ کەرکووک". 
 
لە راگەیێندراوی نووسینگەی د. نەجمەدین کەریمدا هاتووە، کاژێر 11:00ـی شەو بەکاتی ئەمریکا کۆچی دواییکردووە. 

28ـی ئەم مانگە نووسینگەی نەجمەدین کەریم بڵاویکردەوە، "بەداخەوە چەند رۆژێک بەر لە  ئێستا، دکتۆر نەجمەدین کەریم، وەك هەر هاووڵاتی و مرۆڤێكی ئاسایی، تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە و بەهۆیەوە کەوتووەتە نەخۆشخانە".

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، دکتۆر نەجمەدین کەریم پێش کۆچکردنی یەکجارەکی، راسپاردەی ئەوەی بەجێهێشت، کە لەبەر سەلامەتی و تەندروستیی گشتی لە دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هیچ جۆرە قەرەباڵەخی و پرسەیەکی بۆ دانەنرێت.

لەسەر وەسێتی خۆی، د. نەجمەدین کەریم بە شێوەیەکی کاتی "لە كوردستان بە خاک دەسپێردرێت، تاوەکو ئەو کاتەی شاری کەرکووك ئازاد دەکرێت و لەژێر ئەمنییەت و ئارامیی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکووكی پیرۆز".
 
د. نەجمەدین کەریم لە ساڵی 1949 لە کەرکووک لەدایکبووە، تاوەکو خوێندنی ئامادەیی لەو شارە بووە و دواتر چووەتە موسڵ و بەشی پزیشکی لە کۆلێژی پزیشکیی موسڵ خوێندووە. لە ساڵی 1972ـەوە بووەتە پێشمەرگە.

لە ساڵی 1975 عێراقی بەجێهێشتووە و لە ئەمریکا ژیاوە. لە ساڵی 2009ـش گەڕاوەتەوە کەرکووک. لە ساڵی 2011 تاوەکو 2017 پارێزگاری کەرکووک بووە. 
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە