تەرمی د. نەجمەدین کەریم گەیشتە هەولێر و لە پیرمام بە خاک دەسپێردرێت

06-11-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن نەجمەدین کەریم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تەرمی د. نەجمەدین کەریم لە واشنتنەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرێت. 
 
دوای رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تەرمی د. نەجمەدین کەریم لە پیرمام بەخاکدەسپێردرێت.
 
رۆژی 31ی مانگی رابردوو و دوای تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گیانی لەدەستدا. 
 
لە رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی د. نەجمەدین کەریم قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، محەممەد حاجی مەحموود و چەند بەرپرسێکی دیکەی سیاسی ئامادەبوون و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تاجە گوڵینەی رێزیان لەسەر تەرمەکەی دانا.

 

 
کارۆخ سەید رزگار، گوتەبێژی بنەماڵەی پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەر وەسێتی خۆی، د. نەجمەدین کەریم بەشێوەیەکی کاتی لە هەرێمی كوردستان بەخاکدەسپێردرێت تاوەکو ئەوکاتەی شاری کەرکووك ئازاد دەکرێت و لە ئەمنییەت و ئارامیی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، ئەوکاتە بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەبردرێتەوە شاری کەرکووكی پیرۆز".
 

 

 
 
چەند زانیارییەک لەبارەی نەجمەدین کەریم و کارەکانی:
 
- ساڵی 1949 لە کەرکووک لەدایکبووە

- خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی لە کەرکووک تەواوکرد

- بەکالۆریۆسی لە زانستی پزیشکی گشتی لە زانکۆی موسڵ لە ساڵی 1971 بەدەستهێنا

- ساڵی 1972 پەیوەندیی کرد بە ریزەکانی پێشمەرگەوە

- ساڵی 1976 کاتێک مەلا مستەفا بارزانى نەخۆشکەوت، وەکو پزیشکی تایبەت لەگەڵیدا چووە ئەمریکا

- لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری نەشتەرگەریی مێشک و دەماردا بەدەستهێنا

- ساڵی 1988 کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی لە ئەمریکا دامەزراند و تاوەکو ساڵی 1999 سەرۆکی بوو

- رۆڵی لە دامەزراندنی بەشی کوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریکا هەبوو

- ساڵی 2009 گەڕایەوە باشووری کوردستان

- لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیدا لە ساڵی 2009 بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی

- ساڵی 2011 بۆ 2017 پارێزگاری کەرکووک بوو

- سەرۆکی لیستی کوردستانی بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بۆ ساڵی 2014

- لە سەردەمی دەسەڵاتیدا وەکو پارێزگار، ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە کەرکووک هەڵکرا

- رۆڵی گەورەی لە بووژاندنەوەی کەرکووکدا هەبوو

- رۆڵی کاریگەری لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە پارێزگای کەرکووک هەبوو

- رۆژی 31-10-2020 لە ئەمریکا بە جەڵتەی مێشک کۆچی دواییکرد

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە