رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان پارەی بۆ خەرج دەکرێت و چاوەڕوانن هەفتەی داهاتوو دەست بە کار بکاتەوە. بەرپرسێکی کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەڵێت، "داوای کەرەستە و پێداویستییەکانمان کردووە".
رۆژی چوارشەممە، 06-09-2023، سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەستبەکاربوون لە پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان تاوەکو ئێستا هەنگاوی باشی بڕیوە. کۆمپانیای جێبەجێکار لە خاڵی کۆتایی دەستبەکاربووندایە و چاوەڕوانین هەفتەی داهاتوو دەست پێ بکەن."
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی زەوییەک بە 20 ملیۆن دۆلار دا بۆ ئەوەی بەشێک لەو بودجەیە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان خەرجبکرێت، بەڵام نەتواندرا راستەوخۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دەستبەکاربێت، چونکە لەسەر میکانیزمی خەرجکردنی پارەکە نەگەیشتنە رێککەوتن.
قایمقامی قەزای دەربەندیخان دەڵێت، "کۆمپانیاکە لەبارەی ئەو بڕەی پارەیەی وەری دەگرێت گەیشتوونەتە رێککەوتن و ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر جۆری ئەو مەوادەی پێویستە کۆمپانیا هاوردەی بکات کە ئەڵمانییە. پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان لەرووی کردارییەوە کارەکانی تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوە تەکنیکییە."
قەزای دەربەندیخان گرفتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هەیە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەش لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانرا، بەڵام بەهۆی نەدانی پارەوە کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی راگرتووە.
بە گوتەی قایمقامی دەربەندیخان بێت، "پێشەکی سێ ملیۆن دۆلار دەدرێتە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە. دوای هاوردەکردنی کەرەستەکان و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، بڕیارە حەوت ملیۆن دۆلاریان پێ بدرێت. کۆتایی ساڵی داهاتوو سێ ملیۆن دۆلاری دیکەیان پێ دەدەن."
هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان قسەیەکی دیکەی لەبارەی دەستبەکاربوونیان هەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا بۆ ئەو پڕۆژەیە یەک دینارمان وەرنەگرتووە. بۆ هاوردەکردنی کەرەستە، ئامێر، پەمپ و ئەو کەرەستانەی بۆ پڕۆژەکە پێویستن، رەزامەندیی وەزارەتی شارەوانیمان وەرگرتووە و داوامان لە کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کردووە کە بۆمان هاوردە بکەن."
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەڵێت، "پێویستە کەرەستەکان بێن و بیانبەستین و ئاوەکە بڕوات، ئەویش دوای ئەوەی کۆمپانیاکە لە دەرەوەی وڵات رەزامەندی دا کە کەرەستەکانمان هەناردە دەکەن کە بە لایەنی کەمەوە نزیکەی شەش مانگی دەوێت و دوای ئەوە داوای خەرجکردنی پارە دەکەین."
بودجەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان 19 ملیۆن دۆلارە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 55٪ بۆ 60٪ی کارکردن تێیدا تەواو بووە. هێمن سلێمان دەشڵێت، "دوای ئەوەی کەرەستەکان هاوردە دەکەین، دەبوو حەوت ملیۆن دۆلارمان پێ بدەن، بەڵام دواتر رێککەوتین لەسەر ئەوەی سەرەتا سێ ملیۆن دۆلارمان پێ بدەن و دواتر تاوەکو کارەکان تەواو دەکرێن هەر جارە و دوو ملیۆن دۆلارمان پێ دەدەن تاوەکو دەکاتە 10 ملیۆن دۆلار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ