رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی 748 کەس کە لە مانگی ئایاردا لە پارێزگای ئامەد بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر دەستبەسەرکراون، 56 کەسیان خرانە زیندانەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکانی ئامەد بڵاوکراوەتەوە، تیمەکانیان بۆ بەرگرتن لە بەکارهێنان و بازرگانانی کردن و دابینکردنی ماددەی هۆشبەر لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا چەندین ئۆپەراسیۆنیان لە سنووری ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان کردووە و 748 کەسیان دەستبەسەر کردووە.
لەو ژمارەیە 56 کەسیان بە بڕیاری دادگە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر خراونەتە زیندانەوە.
تیمەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکان و کاری شەقامەکاندا دەستیانگرتووە بەسەر 868 کیلۆ و 704 گرام لە وەرگیراوەکانی سکانک/حەشیش، یەک کیلۆ و 59 گرام میتامفیتامین، 148 گرام هێرۆین، 528 مادەی هۆشبەری گیراوە، 25 ئێکستسی، حەوت تەرازووی ورد، چوار دەمانچەی بێ مۆڵەت و 84 فیشەکی قەبارەی جیاوازدا.
لەم ساڵانەی دواییدا بەکارهێنان و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان لە تورکیا زیادیکردووە، رۆژانە چەند گەورە بازرگانیی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن، ژمارەیەکیان بیانین و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ