رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە لە هەولێر شوێنی تایبەت بە هاتووچۆی نیڤشکان و نابینایان لە شەقامەکان دابین دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 06-06-2023 سیامەند کەریم، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە وەک دەستپێک لە بازاڕی قەیسەری، نافورەی شار، بازاڕی شێخی چۆلی و بەردەم پارێزگای هەولێر شوێنی تایبەت بۆ هاتووچۆی نیڤشکان و نابینایان دابین بکرێت."
بە گوتەی گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر، چەندین پڕۆژە و پلانی دیکەیان هەیە بۆ ئەوەی جێبەجێیان بکەن، دەشڵێت: "لە مانگی داهاتووەوە شوێنی تایبەت بە نیڤشکان دابین دەکرێت بۆ ئەوەی لەسەر شەقامەکان بتوانن باشتر هاتووچۆ بکەن، ئەو شوێنانە بەشێوەیەک دەبێت ئەو کەسانەش کە نابینان هەست بەوە دەکەن ئەوە شوێنی هاتووچۆی خۆیانە بۆ ئەوەی بە ئارامی هاتووچۆ بکەن."
سیامەند کەریم گوتیشی: "وەک دەستپێک لە چەند شوێنێکی دیاریکراو شوێنی هاتووچۆ بۆ نڤیشکان دابین دەکرێت، بەڵام پلان هەیە بۆ ئەوەی لە هەموو هەولێر شوێنی تایبەتیان بۆ دابین بکرێت بەتایبەتی لە شوێنە گشتییەکان، لە پێش مۆڵەکان و شەقامە سەرەکییەکان."
رۆژی شەممە، 3ـی حوزەیرانی 2023، سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەمەودوا لە هەموو پرۆژەکانی شارەوانی و شەقامەکان رەچاوی پێداویستییەکانی نیڤشکانان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ