ئومێد پاڵانی: بە 40 بەربژێرەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەم

06-03-2024
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئومێد پاڵانی، پارێزەر و بەربژێری پێشوو بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، بە لیستێک بەشداریی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بۆ هەڵبژاردنەکەش 40 بەربژێریان دەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 06-03-2024، ئومێد پاڵانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشتر بڕیاریاندابوو لیستێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دروست بکەن، کە لە 100 بەربژێر پێکبێت، بەڵام دوای ئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی، هەرێمی کوردستانی بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکرد، بڕیاریانداوە ژمارەی بەربژێرەکانیان بۆ 40 بەربژێر کەم بکەنەوە.
 
ئومێد پاڵانی گوتی: "ئەو 40 بەربژێرە بەگوێرەی ژمارەی کورسیی پارێزگاکان بەسەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردندا دابەش دەکەین."
 
سەبارەت بە تۆمارکردنی لیستەکەشیان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئومێد پاڵانی گوتی: "سبەی پێنجشەممە سەردانی کۆمیسیۆن دەکەین بۆ ئەوەی بەرچاومان روون بێت و بزانین تۆمارکردنی لیست چی پێویستە، لیستەکەمان تۆمار دەکەین."
 
ئەو پارێزەرە دەڵێت، لیستەکەیان بە ناوی لیستی (یاساناسان) دەبێت و هەر خۆیشی سەرۆکی لیستەکە دەبێت، مەرجە ئەو کەسەی دەبێتە بەربژێری لیستەکەیان، یاساناس بێت. گوتیشی: "تاوەکو ئێستا 16 پارێزەر و مافناس ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە ببنە بەربژێر لە لیستەکەمان".
 
بە گوتەی ئومێد پاڵانی، ژمارەیەک هونەرمەند، گۆرانیبێژ و راگەیێندکار لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان پێوەکردوون بۆ ئەوەی ببنە بەربژێر، بەڵام لیستەکەیان تەنیا لە کەسانی یاسایی پێکدێت.
 
ئومێد پاڵانی باسی ئامانجی دروستکردنی لیستەکەیان دەکات و دەڵێت: "ئێمە کۆمەڵێک پارێزەرین دەمانەوێت ئەزموونی خۆمان لە نێو دادگەکانەوە بگوازینەوە پەرلەمان، چونکە هەستمان کردووە یاساکانی پەرلەمان و هەموارەکانیان کەموکوڕی زۆریان هەیە."
 
ئەو پارێزەرە دەشڵێت، ئەگەر لیستەکەیان بگاتە پەرلەمان، بەشداری لە حکومەتدا ناکەن و لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنیشدا نابن، تەنیا دەیانەوێت خزمەتی یاسایی بە یاساکانی پەرلەمان بکەن.
 
ئومێد عەبدولسەلام قادر (ئومێد پاڵانی) لە ساڵی 1979 لە هەولێر لەدایکبووە، بەکالۆریۆسی لە یاسادا هەیە و ئێستا پارێزەری راوێژکارە.
 
ئەو پێشتر سێ جار چانسی خۆی لە هەڵبژاردنەکان تاقیکردووەتەوە. یەکەمیان هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019، بەڵام دەرنەچوو، هەروەها رۆژی 4-2-2021 سیڤی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر، پێشکێشی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کرد، لەو هەڵبژاردنەش دەرنەجوو. ساڵی 2022 جارێکی دیکە خۆی بەربژێر کردەوە، ئەمجارەیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام ئەمجارەشیان چانس یاوەری نەبوو.
 
به‌پێى فه‌رمانى هه‌رێميى نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژى 10ـی حوزه‌يرانى داهاتوو، بکرێت.
 
بەگوێرەی لیستێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تاوەکو ئێستا 38 پارتی هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و عێراق خۆیان تۆمار کردووە و دەتوانن بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 6ی ئاداری 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لەو 38 پارتە، "هەندێک پارتی دیکە هەن هەموو رێکارەکانی تۆمارکردنیان تەواو کردووە و تەنیا بە فەرمی پەسندکردنیان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ماوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.