رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بڕوانامانە دەکات کە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستهاتوون، داتا و زانیاری لەبارەی هەڵگرەکانیانەوە کۆدەکاتەوە و دواتر ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات بۆ بڕیاردان لەبارەیانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، نووسراوی بۆ گشت وەزارەتەكان و فەرمانگەكانی نەبەستراو بە وەزارەتەکانەوە کردووە.
نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی پشتبەستووە بە نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە پۆلێنکردن و هەڵسەنگاندنى حاڵەتەکانى ئەو بڕوانامانەى کە بەبێ مۆڵەتى خوێندن بەدەستهاتوون، بۆ ئەوەى لەرووى زانستى، کارگێڕى، دارایى و یاساییەوە هەڵبسەنگێندرێن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دوو فۆرمی لە رێگەی پەیجی فەرمی وەزارەت لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی 15 رۆژدا زانیارییەکان تۆماربکەن و بۆیان رەوانە بکرێتەوە.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو لیژنەیەی لە وەزارەت پێکهێندراوە بە سەرۆکایەتی خودی وەزیری داراییە بەمەبەستی کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی تەواو لەبارەی ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەستهێناوە بۆ ئەوەی داتایەکی پێویست لە بەردەست هەبێت و بزانرێت ژمارەیان چەندە.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، لیژنەکە لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێندراوە و دەڵێت، "پێکهێنانی ئەو لیژنەیە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و پلاندان داواکاری لەسەر بوو، چونکە خەڵکێکی زۆر هەن، کە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەستهێناوە و دواتر داوای گۆڕینی بڕوانامە دەکەن و دەیانەوێت بزانن چییان بەسەردێت، بۆیە ئەو لیژنەی پێکهێندراوە هەموو ئامارەکان تۆماردەکات و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات، دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی چارەنووسیان دەدرێت".
هەر لەوبارەوە، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئاگاداری بۆ سەرجەم ئەو ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرانەی سەر بە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆن، ئاگادارتان دەکەینەوە ئەوانەی بڕوانامەی (بەکالوریۆس، دبڵومی باڵا، ماستەر، دکتۆرا)یان بەبێ وەرگرتنی موڵەتی خوێندن بەدەستهێناوە و سوودیان لە موڵەتی (بێ مووچە، موڵەتی کەڵەکە بوو، موڵەتی دایکایەتی، هتد) بۆ خوێندن وەرگرتووە کە بڕوانامەکەیان بۆ ئەژمار نەکراوە، جگە لەوانەی بە خوێندنی ئێواران بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، بەزووترین کات سەردانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانیان بکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو فۆرمەی کە لە خوارەوە دانراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ