رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای کۆیە رایگەیاند، بەهۆی پاککردنەوەی ئاوی تەقتەق - کۆیە دابەشکردنی ئاوی خواردنەوەی سنوورەکە بۆ ماوەی 24 کاژێر رادەگیرێت.
رۆژی شەممە، 06-01-2024، تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، قور و لیتە لە پڕۆژەی ئاوی تەقتەق - کۆیە دروستبووە بۆیە بەمەبەستی پاککردنەوەی ئاوی پڕۆژەکە و رێگریکردنی لە سەرهەڵدانی ڤایرۆس سبەی دەست بە پاککردنەوەی پڕۆژەی ئاوی تەقتەق - کۆیە دەکرێت و بەوهۆیەوە دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە رادەگیرێت.
بە گوتەی قایمقامی قەزای کۆیە، کارکردن لە پاککردنەوەی پڕۆژەی ئاوی تەقتەق - کۆیە 24 کاژێر دەخایەنێت و دواتر ئاو دەگاتەوە ماڵان.
هەر ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە ئاگادارییەکی بۆ هاووڵاتییانی ئەو سنوورە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سبەی پڕۆژەی ئاوی تەقتەق - کۆیە دەوەستێنرێت بەمەبەستی پاككردنەوەی حەوزی گلدانەوەی ئاو لە پرۆژەی ئاوی تەقتەق - كۆیە لە هەردوو وێستگەکانی (داربەڕوو - تەقتەق پاڵاوتن).
بەرێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە گوتیشی، دابەشکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە لە بەشێک لە سەنتەری قەزای کۆیە دەوەستێت، بۆیە هاووڵاتییانی سنوورەکە ئاگاداردەکەنەوە تاوەکو کاتی تەواوبوونی کارەکان بە وشیارییەوە ئاو بەکاربهێنن و هاوکاریان بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ