رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ دەستیان بە دابەشکردنی نەوت کردووەتەوە و بە رێژەیەکی کەم خەڵک دەیکڕن. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجەش دەڵێت، ئەوان دەستیان بە دابەشکردنی نەوت نەکردووەتەوە، پێیانوایە خەڵک بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە توانایان نییە نەوت بکڕن.
کۆتایی هەفتەی رابردوو دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان راگیرا، چونکە هاونیشتمانیان ئامادە نەبوون یەک بەرمیل نەوت بە 103 هەزار دینار وەربگرن و چاوەڕوانی نەوتی حکومەتی عێراق بوون، گوایە بە 50 هەزار دینار دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 05-12-2023 سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کاژێر 8:00ی بەیانییەوە دەستمان بە دابەشکردنی نەوت کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەدەمەوەهاتنی خەڵک کەمە و بە رێژەیەکی کەم خەڵک دێن و نەوت وەردەگرن."
بە گوتەی سەلام عومەر، سەرەڕای ئەوەی بەدەمەوهاتنی خەڵک بۆ وەرگرتنی نەوت کەمە، بەڵام بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو کە کەس نەوتی وەرنەدەگرت، باشترە. دەشڵێت، "پێشبینی دەکەم لە چەند رۆژی داهاتوودا و لەگەڵ دابەزینی زیاتری پلەی گەرما خەڵک نەوت بکڕن."
بڕیاربوو لە 1ی ئەم مانگەوە حکومەتی عێراق 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام سەلام عومەر دەڵێت، "هیچ شتێکی فەرمی نییە لەبارەی هاتنی ئەو نەوتەوە."
بە پێچەوانەی سلێمانی، لە هەڵەبجە دابەشکردنی نەوت دەستیپێنەکردووەتەوە. ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستاش دابەشکردنی نەوت راگیراوە، دەمانەوێت دڵنیابینەوە کە خەڵک نەوت وەردەگرێت ئەوکات دەست بە دابەشکردن دەکەین، تاوەکو دڵنیا نەبینەوە ناتوانین دەست بە دابەشکردن بکەینەوە."
ژیار ئەکرەم گوتیشی، "جگە لە هۆکاری ناردنی نەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، مووچەش هۆکارێکی دیکەیە، ئێستا هەست دەکەم بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە خەڵک توانای ئەوەی نییە نەوت وەربگرێت و پێی گرانە، کوالێتی نەوتەکەش زۆر باشە، بەڵام ناتوانین زۆر لە هاووڵاتییانیش بکەین."
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە، تائێستا زیاتر لە پێنج ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر 25 هەزار خێزان دابەشکردووە، تاوەکو ئەو بڕەی دیاریکراوەش دابەش دەکەن کە شەش ملیۆن و 200 هەزار لیترە.
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، دابەشکردنی نەوت رانەگیرابوو، بەڵام هاووڵاتییان خۆیان وەریان نەدەگرت. یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە رووداوی گوت، "بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو لە دوێنێوە هاووڵاتیی زیاتر دێت و نەوت دەکڕێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر بەسەر نزیکەی 25 هەزار خێزان دابەشکراوە کە لە بنەڕەتدا پێویستیمان بە هەشت ملیۆن و 200 هەزار لیتر نەوتە بۆ نزیکەی 45 هەزار خێزان و دابینیش کراوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کە یەکشەممە بڵاویکردەوە، لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 59 ملیۆن و 914 هەزار و 340 لیتر نەوت دابەشکراوە؛ لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 32 ملیۆن و 287 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیش 58 ملیۆن 955 هەزار و 400 لیتر نەوت دابەشکراوە، کە گۆی گشتی ئەو نەوتە 151 ملیۆن و 156 هەزار و 740 لیترە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوەکو ئێستا 755 هەزار و 784 خێزان نەوتیان وەرگرتووە؛ هەروەها 532 هەزار و 162 خێزان ماون نەوت وەربگرن.
رۆژی 04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت. نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ