سبەی تەرمی نەجمەدین کەریم دەگاتەوە هەولێر

05-11-2020
سیروان عەباس
نیشانەکردن نەجمەدین کەریم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە سبەی هەینی، تەرمی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە ئەمریکاوە بگاتەوە هەولێر و بەخاکبسپێردرێت.
 
رۆژی 31-10-2020 نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆچی دواییکرد.
 
کارۆخ سەید رزگار، گوتەبێژی بنەماڵەی نەجمەدین کەریم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی نەجمەدین کەریم تەواوبوون و ئێستا خانەوادەکەی بەرەو هەولێر بەڕێگاوەن، بڕیارە کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆی سبەی هەینی، بگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
 
سەبارەت بە ناشتنی تەرمەکەشی، کارۆخ سەید رزگار گوتی: "لەسەر وەسێتی خۆی، د. نەجمەدین کەریم بەشێوەیەکی کاتی لە كوردستان بە خاک دەسپێردرێت، تاوەکو ئەو کاتەی شاری کەرکووك ئازاد دەکرێت و لەژێر ئەمنییەت و ئارامیی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکووكی پیرۆز".
 
د. نەجمەدین کەریم لە ساڵی 1949 لە کەرکووک لەدایکبووە، تاوەکو خوێندنی ئامادەیی لەو شارە بووە و دواتر چووەتە مووسڵ و  کۆلێژی پزیشکیی مووسڵی خوێندووە. لە ساڵی 1972ـەوە بووەتە پێشمەرگە.
 
لە ساڵی 1975 عێراقی بەجێهێشتووە و لە ئەمریکا ژیاوە. لە ساڵی 2009ـش گەڕاوەتەوە کەرکووک. لە ساڵی 2011 تاوەکو 2017 پارێزگاری کەرکووک بووە. 
 
لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیدا بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە. سەرۆکی لیستی کوردستانی بوو لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە