بەهای کورسی لە دهۆک زیاتر لە 16 هەزار و لە هەڵەبجە زیاتر لە 6 هەزار دەنگ دەبێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی شیکارییەک بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021ـدا، نرخی کورسی لە چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان جیاوازە، بەجۆرێک لە دهۆک بەهای کورسی لە سەرووی 16 هەزار دەنگ دەبێت و لە هەڵەبجە زیاتر لە شەش هەزار دەنگ دەبێت، بەو مەرجەی رێژەی بەشداری و دەنگی بەتاڵ هاوشێوەی هەڵبژاردنی 2021 بێت. 

بەپێچەوانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە شێوازی جیاکردنەوەی دەنگەکانی بە سیستمی سانتلیگۆیە، جیاکردنەوەی دەنگەکانی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی سیستەمی (هێر)ـە. بەگوێرەی ئەو سیستەمە سەرجەم دەنگە دروستەکانی ئەو بازنەیە کۆدەکرێنەوە و دابەشی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکرێن، ئەو ژمارەیەی دەردەچێت، بەهای کورسی دەبێت لەو بازنەیەی هەڵبژاردن دا.
 
بەهای کورسی لە هەولێر بەپێی رێژەی بەشداری و بەبێ دەنگی پووچەڵ
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، لە بازنەی هەولێر یەک ملیۆن و 15 هەزار و 672 کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە و کارتی بایۆمەتریان بۆ چاپکراوە، بەڵام تاوەکو رۆژی 29-9-2024 لە سنووری پارێزگای هەولێر 978 هەزار و 361 کەس کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە. ئەو کارتە مەرجی سەرەکییە بۆ دەنگدان.
 
پارێزگای هەولێر 34 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان دا هەیە، ئەگەر سەرجەم ئەوانەی لە هەولێر کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، دەنگبدەن، واتە رێژەی دەنگدان 100٪ بێت و بەبێ دەنگی پووچەڵ، ئەوا بەهای کورسییەک 30 هەزار و 573 دەنگ دەبێت، بەڵام ئەوە مەحاڵە، چونکە هیچ هەڵبژاردنێک رێژەی بەشداری 100٪ نەبووە و دەنگی پووچەڵیش هەر هەبووە.
 
لە هەولێر، دوو کورسی کۆتا بۆ تورکمان و کریستیان دانراون، بۆیە لەکاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان، کۆی دەنگی دروست دابەشی کورسیی گشتی دەکرێت، کە 32 کورسییە.
 

 

 
بەهای کورسی لە بازنەی سلێمانی، بەپێی رێژەی بەشداری و بەبێ دەنگی پووچەڵ
 
لە بازنەی سلێمانی، تائێستا یەک ملیۆن و 83 هەزار و 248 کارتی دەنگدان چاپکراون، 970 هەزار و 691 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە و 112 هەزار و 691 کەس کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە.
 
پارێزگای سلێمانی زۆرترین کورسی لە پەرلەمان هەیە، کە 38 کورسییە، دوو کورسییان بۆ کۆتای تورکمان و کریستیانە. کۆی دەنگی دروستی پارێزگاکە دابەشی کۆی کورسییە گشتییەکانی پارێزگاکە دەکرێت، کە 36 کورسییە.
 

 

 
بەهای کورسی لە دهۆک بەپێی رێژەی بەشداری و بەبێ دەنگی پووچەڵ
 
بەگوێرەی ئامار و زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە دهۆک 738 هەزار و 69 کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان بۆ چاپکراوە و 721 هەزار و 379 کەس کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و 16 هەزار و 690 کەس کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە. 
 
دهۆک 25 کورسیی لە پەرلەمان هەیە، کە یەکێک لە کورسییەکان بۆ کۆتای کریستیانە. کۆی دەنگی دروستی پارێزگاکە دابەشی 24 کورسیی گشتی دەکرێت و بەوشێوەیە بەهای کورسی دیاری دەکرێت.
 

 

 
بەهای کورسی لە هەڵەبجە بەپێی رێژەی بەشداری و بەبێ دەنگی پووچەڵ
 
لە پارێزگەی هەڵەبجە، تەنیا 62 هەزار و 883 کەس تۆماری بایۆمەتریان کردووە، لەو ژمارەیە 59 هەزار و 790 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و 3 هەزار و 93 کەسیش وەریانەگرتووەتەوە.
 
هەڵەبجە تەنیا سێ کورسی لە پەرلەمان دەبێت، کۆی دەنگی دروست دابەشی کۆی کورسییەکانی بازنەکە دەکرێت.
 

بەهای کورسی بەپێی رێژەی بەشداری و بەبێ دەنگی پووچەڵ:
 

بەهای کورسی بەپێی هەڵبژاردنی 2021

بازنەی هەولێر
 
دوایین هەڵبژاردن کە لە هەرێمی کوردستان کرا، ‌هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، کە لە ساڵی 2021 کرا، رەنگە ئەو هەڵبژاردنە دروستترین پێوەربێت بۆ دەستنیشانکردنی بەهای کورسی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، چونکە تاوەکو رادەیەک لەیەکەوە نزیکن و هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان، هاوشێوەی ئەوەی عێراق فرەبازنەییە.
 
لە هەڵبژاردنی 2021دا، تێکڕای رێژەی بەشداری لە هەر چوار بازنەکەی سنووری پارێزگای هەولێر 50٪ بوو، ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا هەمان رێژە بەشداری بکاتەوە، ئەوا بەهای کورسی  دەبێتە 15 هەزار و 286 هەزار دەنگ، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر سەرجەم ئەو دەنگانەی دراون، دەنگی دروست بن.
 
لە هەڵبژاردنی 2021دا، لە سنووری پارێزگای هەولێر 105,316 دەنگی بەتاڵ هەبووە، واتە 17.99٪ی دەنگە دراوەکان پووچەڵ بوونە. ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی پووچەڵ هەمان رێژەی هەڵبژاردنی رابردوو بێت، دەنگی دروست دەبێتە 401 هەزار و 176 دەنگ، نرخی کورسیش دەبێتە 12 هەزار و 536 دەنگ. 
 
بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دا، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەسەر پێنج بازنەی هەڵبژاردن دا دابەشکرابوون، تێکڕای رێژەی بەشداری لە هەر پێنج بازنەکەدا 40٪ بوو، ئەگەر ئەم جارە هەمان رێژەی دەنگدەران بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، ئەوا بەهای کورسی بەبێ دەنگی پووچەڵ لە بازنەی سلێمانی، 10 هەزار و 785 دەنگ دەبێت. لە بازنەی هەڵەبجەش دەبێتە 7 هەزار و 972 دەنگ.
 
لە هەڵبژاردنی 2021دا، لە سنووری بازنەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دا، 110,210  دەنگی پووچەڵ هەبوو، واتە 20.09٪ی دەنگە دراوەکان پووچەڵ بوونە. ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی پووچەڵ هەمان رێژەی هەڵبژاردنی رابردووبێت، کۆی دەنگی دروست لە بازنەی سلێمانی دەبێتە 310 هەزار و 271 دەنگ و بەهای کورسیش دەبێتە 9 هەزار و 125 دەنگ. لە بازنەی هەڵەبجەش کۆی دەنگی دروست دەبێتە 19 هەزار و 111 دەنگ و نرخی کورسیش دەبێتە 6 هەزار و 370 دەنگ.
 
بازنەی دهۆک
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دا لە هەرسێ بازنەکانی دهۆک، رێژەی بەشداریی لە دەنگدان دا 58.8٪ بوو. ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا هەمان رێژە بەشداری بکەنەوە، ئەوا بەبێ دەنگی پووچەڵ نرخی کورسی دەبێتە 17 هەزار و 673 دەنگ.
 
لە هەڵبژاردنی 2021دا لە سنووری پارێزگای دهۆک 40325 دەنگی پووچەڵ هەبوون، واتە 8.23٪ـی دەنگە دراوەکان پووچەڵ بوون. ئەگەر رێژەی دەنگی پووچەڵ هەمان رێژەی رابردوو بێت، ئەوا ژمارەی دەنگی راستەقینە 390 هەزار و 628 دەنگ دەبێت و بەهای کورسیش دەبێتە 16 هەزار و 276 دەنگ. 
 
بەپێی سیستمى هێر، ئەگەر لە هەر بازنەیەک رێژەى بەشدارى لە دەنگدان زۆربێت، بەهاى کورسى و تێکڕاى هەڵبژاردنیش زیاتر دەبێت. بۆیە لە دهۆک کە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی رابردوودا رێژەی دەنگی تێیدا بەرزبووە، بەهای کورسیشی بەرز دەبێت.
 

 
بەهای کورسی بە پشتبەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەم
 
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 30-09-2018 کرا و بە یەک بازنە بوو، تێکڕای رێژەی بەشداری 59٪ بوو، بەڵام لەو رێژەیە 3٪ی دەنگی پووچەڵ و بەتاڵ بوو، واتە رێژەی دەنگی دروست 56٪ بووە.
 
لە هەڵبژاردنی رابردوودا رێژەی بەشداری لە دەنگدان لە سنووری پارێزگای هەولێر 60.82٪ بووە، ئەگەر رێژەی دەنگی پووچەڵ 3٪ بووبێ، ئەوا رێژەی دەنگی دروست 57.80٪ بووە. ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداری هەمان رێژەی هەڵبژاردنی رابردوو بێت، ئەوا بەهای کورسی لە بازنەی هەولێر 17 هەزار و 667 دەنگ دەبێت.
 
لە پارێزگای سلێمانی رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی رابردوو 56.69٪ بوو، بە جیاکردنەوەی دەنگی پووچەڵ کە 3٪ بووە، رێژەی بەشداری دەبێتە 53.69٪. ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا هەمان رێژە بەشداری بکات، ئەوا 521 هەزار و 163 دەنگی دروست دراوە و بەهای کورسی لە پارێزگای سلێمانی دەبێتە 14 هەزار و 476 دەنگ.
 
پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین رێژەی بەشداری هەبوو، کە 63.63٪ بوو، بە جیاکردنەوەی دەنگی پووچەڵ رێژەی دەنگی دروست 60.63٪ بووە. ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا هەمان رێژەی دەنگدەران بەشداری بکەنەوە، ئەوا بەهای کورسی لەو بازنەیەی هەڵبژاردن دەبێتە 18 هەزار و 223 دەنگ.
 
پارێزگای هەڵەبجە کە بچووکترین بازنەی هەڵبژاردنەکەیە، لە هەڵبژاردنی رابردوو رێژەی بەشداری 61.93٪ بووە، رێژەی دەنگی دروست 58.93٪ بووە. ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداری هەمان رێژەی بەشداری هەڵبژاردنی خولی رابردوو بێت، بەهای کورسی دەبێتە 11  هەزار و 744 دەنگ.
 
بەپشبەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان بۆ دیاریکردنی بەهای کورسی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، رەنگە زۆر ورد نەبێت، چونکە هەڵبژاردنی رابردوو بە یەک بازنە بوو، ئەو هەڵبژاردنە چوار بازنەیە. رێژەی دەنگی پووچەڵ کە بەپێی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن 3٪ بووە، لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە سلێمانی هەمیشە رێژەی بەشداری کەمترە، لە دهۆکیش هەمیشە رێژەی بەشداری بەرزبووە. جیاوازییەکی دیکەش ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنە بە شێوازی ئەلیکترۆنییە و کارتی بایۆمەتری و خوێندنەوەی پەنجەمۆر لە مەرجە سەرەکییەکانی دەنگدانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە