نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ: لە پەروەردەکانی ئاکرێ، شێخان، بەردەڕەش و چۆمان بایکۆت دەستیپێکرد

05-10-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ لە بەشێک لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەکانی بەردەڕەش، چۆمان، شێخان و ئاکرێ بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کردووە، بەڵام پەروەردەی ئاکرێ رەتیدەکاتەوە لە هیچ قوتابخانەیەکی سنوورەکەیان بایکۆت کرابێت. پەروەردەی چۆمانیش دەڵێت، 10 وانەبێژێک بایکۆتیان کردبوو، بەڵام گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 05-10-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە بەشێک لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەکانی بەردەڕەش، چۆمان، شێخان و ئاکرێ مامۆستایانی وانەبێژ دەستیان بە بایکۆتکردن کردووە. لە پەروەردەی بەردەڕەش چەند مامۆستایەکیش دوورخراونەتەوە، بەڵام ئەوە تەنیا بە زارەکی بووە نەک بە نووسراوی  فەرمی، چونکە دوورخستنەوەی وانەبێژان هێندە ئاسان نییە."
 
کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت: "لە بەردەڕەش مامۆستایانی وانەبێژ لە زیاتر لە 15 قوتابخانە بایکۆتیان کردووە. بڕیارە ئەمڕۆ لە ئاکرێش لە 15 قوتابخانە بایکۆت بکەن، لە قوتابخانەیەکی هەولێریش بایکۆی هەیە، بەڵام دواتر سووکایەتی بە مامۆستاکان کراوە و گوشارێکی زۆر زۆریان لەسەرە."
 
لەبارەی دوورخستنەوەی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری قەزای بەردەڕەش رووداو پەیوەندی بە مەهدی خەلیل، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای بەردەڕەش، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.
 
کاروان زاهیر، بەڕێوەبەری پەروەردەی ئاکرێ بە رووداوی گوت، "لە سنووری قەزای ئاکرێ بە هیچ شێوەیەک مامۆستایانی وانەبێژ دەستیان بە بایکۆت نەکردووە و دەوام ئاساییە."
 
هەروەها سوارە ئەکرەم، قائیمقامی قەزای چۆمان لەبارەی بایکۆتی وانەبێژان بە رووداوی گوت، "هیچ گوشارێک لەسەر وانەبێژان لە سنووری پەروەردەکانی ئێمە نەکراوە، لە دوو قوتابخانەش بایکۆت هەبوو کە نزیکەی 10 وانەبێژێک دەبوون، بەڵام ئەوەش نەماوە و ئێستا ئەوانەش لەدەوامن."
 
فەرەج عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی شێخانیش بە رووداوی گوت، "لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنوورەکەمان هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە مامۆستایان بایکۆت دەکەن، بەڵام دوای نیو کاژێر گوتیان پەشیمان بووینەوە، ئەمڕۆش لە کاژێر 8:00ـەوە لەسەر کاربوون. بایکۆتی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنوورەکەمان راست نییە بە پێچەوانەوە ئەوەی مۆڵەتیشی هەبووە هاتووەتە سەرکار."
 
فەرەج عوسمان رەتیکردەوە  هیچ گوشارێک لەسەر مامۆستایانی وانەبێژ هەبێت و گوتی: "سوپاس بۆ خوا لای ئێمە بایکۆت هەر نەکراوە تاوەکو ئیجرائات بکرێت."
 
لە 13ـی ئەیلوولەوە کە بە فەرمی دەوامیی قوتابخانەکان دەستیپێکردووەتەوە، لە سنووری پەروەردەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک بایکۆتی دەوامیان کردووە و دەرگەی قوتابخانەکانیان نەکردووەتەوە.
 
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ، تاوەکو ئێستا وەزارەتی پەروەردە وەڵامی داواکارییەکانیانی نەداوەتەوە و دەشڵێت، "تاکە داواکاری ئێمە دامەزراندنە."
 
رۆژی سێشەممە، 03-10-2023، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانی ئەو ناوچانەوە رایگەیاند: "مووچە مافێکی بنەڕەتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و ئێمە سوپاسی رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەکەین. هەموو لایەکیش دۆخی دارایی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو دۆخە دەزانین کە رووبەڕووی کوردستان کراوەتەوە. زیاتر لە دوو هەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردووە، بەڵام لە هەندێک ناوچە دەوام نەکراوە".
 
ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە داواشی کردووە، هەرچی زووترە دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی رابردوودا زیانی هەبووە.
 
دوای راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە، دەستەی وانەبێژانی ناڕازی رایگەیاند: "چاوەڕێ بووین حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی وەڵامی داواکاریی مامۆستایانی وانەبێژ بداتەوە، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوە، وەزارەتی پەروەردە سوپاسی مامۆستایان دەکات و سوپاسیش گیرفانی بەتاڵی وانەبێژانی گەرم نەکردووەتەوە لە ئێستا و رابردوودا".
 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.