رووداو - گەرمیان
کارمەندێکی پۆلیسی گەرمیان لە ئەرکدا و لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتبارێکدا کوژرا؛ ئەو خاوەنی پێنج منداڵە، سێ رۆژ بوو لە دەوام بوو و دوو رۆژی مابوو بگەڕێتەوە نێو منداڵەکانی، بەڵام منداڵەکانی لەجیاتی شادبوونەوە بە باوەشی باوکیان، تەرمەکەیان بۆ هێنانەوە.
تاریق عەبدولخالق لەدایکبووی ساڵی 1972ە، باوکی پێنج منداڵە، کارمەندی پۆلیسە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، دانیشتووی گوندی هەفتەغاری خورماتووە، لە 5ی ئەیلوول لەکاتی رۆشتنی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، تەقەی لێدەکرێت و پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
شێرزاد عەبدولخالق، برای کوژراوەکە دەڵێت، "براکەمان بە ناحەقی کوژرا، ئەگەر حکومەت مافی براکەمانی وەرگرت، باشە؛ ئەگەر مافی وەرنەگرت، خۆمان مافی وەردەگرین."
ئەو تۆمەتبارە جگە لە کوشتنی تاریق، سێ دۆسیەی دیکەی لەسەرە، دوای رووداوەکە هەڵاتووە بۆ ناوچەیەک کە لەژێر کۆنترۆڵی داعشدایە.
عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، "تۆمەتبارێک بەپێی مادەی 431ی یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، مەفرەزەیەکی پۆلیسی نەوجول سەر بە پۆلیسی گەرمیان دەرچوون بۆ گوندی دوراجی بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە."
کەسوکاری تاریق عەبدولخالق پرسە بۆ کوڕەکەیان دانانێن و چاوەڕێ دەکەن دادگا مافی وەربگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ