خانەنشینی هەرێمی کوردستان: هەموو پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم مافی خانەنشینبوونیان هەیە

05-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەموو پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان خانەنشین دەکرێن، تەنانەت ئەگەر ساڵانەی خزمەتیان لە 15 ساڵ کەمتر بێت، ئەگەر بیانەوێت، بەڵام لە خولی داهاتوودا هەر پەرلەمانتارێک ساڵانی خزمەتی لە 15 ساڵ کەمتر بێت، ئەوە خانەنشین ناکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 05-07-2023، لەشکری ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فەرمانی خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینبوونی هەرێمی کوردستان. ئێمە 15 بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە. ئەوانەی خانەنشین دەکرێن بۆ هەندێک رێکاری کارگێڕی و پەنجەمۆر ناویان دەچێتە بەڕێوەبەرایەتییەکان و دوای تەواوبوونی رێکارەکان، بڕیارەکە دەگاتە ئێرە."
 
بە گوتەی لەشکر ئیبراهیم، ئەگەر کاری خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران لە بەڕێوبەرایەتییەکانیان تەواو بێت، ئەوە نزیکەی 12 رۆژی دەوێت و دەڵێت، "تەواوبوونی ئەو پڕۆسەیە لەسەر ئەوە وەستاوە تاچەندە زوو سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەن و کارەکانیان تەواودەکەن."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران پەیوەندی بە تەمەن و خزمەتیانەوە هەیە. بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئەم خولە خزمەتیان زۆر نییە. بە گوێرەی یاساکە، کەمترین مووچەی خانەنشینی دەگاتە دوو ملیۆن، بەڵام دەبێت ئەو کەسە خزمەتی 15 ساڵ کەمتر نەبێت و تەمەنی 45 ساڵ بێت؛ زۆرترین مووچە چوار ملیۆن و 160 هەزار دینارە، بەڵام ئەوەیان دەبێت خزمەتی 23 ساڵ کەمتر نەبێت و دکتۆرای هەبێت. ئەوان پێشتر مووچەیان شەش ملیۆن و 560 هەزار دینار بوو، بەڵام دوای یاسای چاکسازی کەمکرایەوە."
 
لەشکری ئیبراهیم دەشڵێت، "هەموو پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان بە 25٪ی مووچەکەیان خانەنشین دەبن و مووچەیان لانیکەم دەکاتە دوو ملیۆن و نزیکەی 50 هەزار دینار ئەگەر خزمەتیان 15ساڵ کەمتریش بێت. بۆ خولی داهاتوو ئەگەر پەرلەمانتارێک ساڵانەی خزمەتی 15 کەمتر بێت و تەمەنی 45 ساڵ نەبێت، ئەوە ناتوانێت خانەنشین بکرێت."
 
پەرلەمانی کوردستان 111 پەرلەمانتاری هەیە. بە گوێرەی یاسای "چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان ــ عێراق" تەواوی ئەو پەرلەمانتارانەی کە لە ساڵی 2018 و لە هەڵبژاردندا بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتن، مافی خانەنشینبوونیان هەیە.
 
پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات، بەڵام رۆژی 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.