رووداو دیجیتاڵ
حەوتەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی کوشتنی تاهیر ئەڵچی، سەرۆکی پێشووی بارۆی ئامەد بەڕێوەدەچێت.
دانیشتنەکەی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی تەممووزی 2023، لە دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستپێدەکات.
تاهیر ئەلچی، سەرۆكی پێشووی بارۆ - ژووری پارێزەرانـی ئامەد هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە 28/11/2015 لە تاوانێكی بكەر نادیاردا کرایە ئامانج.
کاتێک ئەلچی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا داوای ئاشتی و راگرتنی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیای دەکرد، تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا.
دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک لە 23ی حوزەیرانی 2017دا راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە ئامادەکرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کوژرانی ئەڵچی دا و لە نیسانی ساڵی 2022دا راپۆرتەکە خرایە نێو دۆسیەکەی.
بەگوێرەی راپۆرتەکە بێت، کوشتنی تاهیر ئەڵچی پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژراوە، بەڵام محەممە ئەمین ئاکتار، پارێرەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە هەن کە تاهیر ئەڵچی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی تاهیر ئەڵچی دوای تێپەربوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر کوژرانییدا رۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2020 لە 10 یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو. لەو دۆسیەیەدا کە دانیشتنی حەوتەمی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، چوار تۆمەتبار دادگایی دەکرێن و لەوانە سێیان پۆلیسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ