رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ وکۆچبەرانى عێراق راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، زیاتر دوو هەزار خێزانى ئاوارە لە کامپەکانى هەرێمى کوردستان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا زیاتر لە 28 هەزار خێزان لەو کەمپانە ماون.
30ـی تەممووزی ئەم ساڵ دوا وادەیە بۆ داخستنی کامپی ئاوارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 28 هەزار خێزانى ئاوارە لە کامپەکانى هەرێمى کوردستان ماون کە نەگەڕاونەتەوە.
بە گوێرەى ئامارەکانى ئەو وەزارەتە، 24 هەزار خێزانى ئاوارە لە کامپى ئاوارەکانى دهۆکن و چوار هەزار خێزانی ئاوارەش لە کامپەکانی هەولێرن، بەڵام لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى 600 خێزانى ئاوارە ماون بگەڕێنەوە.
عەلى جیهانگیر باسی لەوەکرد: "لە مانگى کانوونى یەکەمى ئەم ساڵەوە زیاتر لە دوو هەزار خێزانى ئاوارە گەڕاونەتەوە، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دەبێتە سێ هەزار خێزان". گوتیشی: "زۆربەی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە لە کامپەکانی پارێزگای سلێمانین."
بۆ هاندانى گەڕانەوەى ئاوارەکان، ئەو وەزارەتە چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەفزیۆنێک دەداتە هەر خێزانێکی گەڕاوە.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، بەربەستیان لە بەردەمدایە لە پڕکردنەوەى فۆڕمى دابەشکردنى ئەو هاوکارییانە بۆ ئاوارەکان لە سنوورى هەولێر و دهۆک و بەبێ پڕکردنەوەى ناتوانن هاوکارییان بکەن بۆ گەڕانەوە.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هەر خێزانێکی ئاوارە لە دوای 30ی تەممووزەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، لە پێدانی هاوکارییەکان بێبەش دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ