رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای چەولیگ- ـی باکووری کوردستان بۆ ماوەی حەوت رۆژ خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کرا. بەمەش لە دوو رۆژدا ژمارەی ئەو پارێزگایانەی باکووری کوردستان کە قەدەخەی لێ راگەیێندراوە گەیشتە 12 پارێزگا.
بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای چەولیگ بڵاوکراوەتەوە، بڕیاری قەدەخەکردنەکە چوارشەممە پێنجی حوزەیران دەستپێدەکات و تاوەکو 11ـی مانگ بەردەوام دەبێت. لە وادەی ئەو حەوت رۆژەدا چوونە ژوورەوە و دەرچوون لەو پارێزگایە بە مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدار دەبێت.
هۆکاری قەدەخەکردنەکە بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی، بەرگرتن لە هەر جۆرە پیلانێکی تێکدەرانەی تیرۆر، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رێگریی لە سەرهەڵدانی تووندوتیژی" گەڕێندراوەتەوە.
پێشووتر قایمقامیەتەکانی پارێزگاکانی ئامەد، مێردین، وان، بەدلیس، ئاگری، ئیلیهـ، ئیدر، جۆلەمێرگ، شرنەخ، سێرت و مووش ـی باکووری کوردستان لە رۆژی دووشەممە سێ ـی حوزەیراندا رایانگەیاندبوو، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپێشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه، خێوهتههڵدان و سهكۆدانان بۆ حەوت رۆژ قەدەخەیە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکان دوای ئەوە هات رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیران بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ لەسەر کار لادرا و عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ بە قەییوم لە شوێنی دانرا.
بڕیارەکە کاردانەوەی بەدواداهات و دەم پارتی بڕیاری دا لە سەرجەم شارەوانییەکان چالاکی دەستپێبکات و داوای کرد گردبوونەوە و چالاکی ناڕەزایی بکرێت.
دوای بڕیارەکەی دەم پارتی لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ