رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی بۆڵێ-ی سیدەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، حەوت گەشتیار کە لە نێو بەفردا گیریان خواردبوو، لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە رزگارکران.
رۆژی دووشەممە، 05-02-2024 ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوان حەوت گەنجی سنوورەکەن بۆ گەشتکردن چوونەتە گوندی بۆڵێ لە سنووری سیدەکان و ئۆتۆمبێلی بچوکیان پێ بووە و رێگەیان لێگیراوە، بەڵام تیمێک بە ئۆتۆمبێلێکی گەورە رۆیشتوون و رزگارییان کردوون و سەرجەمیان هێنراونەتە خوارەوە."
ئەو حەوت گەشتیارە دوێنێ شەو بەمەبەستی گەشتکردن روویان لە گوندی بۆڵێ کردووە و دوای ئەوەی لەوێ گیریان خواردبوو، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاگادارکراونەتەوە و ئەوانیش بە هانایانەوە چوون و هەموویان رزگارکراون.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 04ـی شوباتی 2024، بەهۆی بەفربارینی بەردەوام ، لە چیای حەسەن بەگ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 40 پاسی گەشتیاران گیریان خوارد، کە 900 گەشتیاریان تێدابوو. دوای هەوڵی تیمەکانی ئیدارەکە بۆ کردنەوەی رێگەکە، دەوروبەری کاژێر 09:00ـی شەو رێگەکە کرایەوە و سەرجەمیان رزگارکران.
هەر بەهۆی بەفربارین و نالەباری کەشوهەوا سەرجەم قوتابخانەکانی حکومی و ناحکومی و پەیمانگەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەی ئیدارەی سۆران بۆ ئەمڕۆ دووشەممە کرایە پشووی فەرمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ