رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کێشەی مۆڵکدارییەوە، بۆ ماوەی شەش مانگە کشتوکاڵ لە زەوییەکانی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە کەرکووک راگیراوە، لیژنەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێکهێنراوە. بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت، "لەم هەفتەیەدا بڕیاری رێگەپێدان دەردەچێت، بەڵام ئەگەر لە 10 رۆژ زیاتر بخایێنێت سوودی بۆ کشتوکاڵ نابێت".
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک، لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "لە پەلکانە و سەرگەڕان کە بەهۆی کێشەی مۆڵکدارییەوە کاری کشتوکاڵ راگیرابوو، بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکرایەوە، بەڵام بەهۆی هاتنی وەرزی چاندنی زستانە، لیژنەیەکی نوێ بە سەرۆکایەتیی کەریم خەفاجی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێکهێنراوە".
بە گوتەی زوهێر عەلی ئەو لیژنە نوێیە "بەر لە 10 رۆژ سەردانی پارێزگاری کەرکووکی کردووە، لەگەڵ لایەنی کورد و عەرەب کۆبووەوە و چەند راسپاردەیەکی داوە بە هادی عامری سەرۆکی لیژنەی مادەی 140".
زوهێر عەلی دەڵێت، "تاوەکو ئێستا راسپاردە نوێیەکان نەگەیشتوونەتە دەستی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک، بەڵام رێنمایی سەرکردایەتیی سەربازی و هێزە هاوبەشەکان دەکرێت کە رێگە بدرێت بە چاندن لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کە گرێبەستە کشتوکاڵییەکانیان هەڵوەشێنراونەتەوە، هەروەها ئەو زەویانەی کێشەیان لەسەر نییە".
ئەو زەویانەی کە لە لایەن بەڕێوەبەری یەکەی کارگێڕی، قایمقام یان بەڕێوەبەری ناحیە دیاری دەکرێن، رێگەیان پێدەدرێت کشتوکاڵ بکەن و بەرهەمەکانیان بەبازاڕ بکەن".
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک "ئەو زەوییانەی کە کاری چاندنیان تێدا راگیراوە زیاتر لە 15 هەزار دۆنمن، دەکەونە ناحیەی زەوییەکانی سەرگەڕان و بەشێک لە ناوچەکانی دووبز کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە هاوبەشەکان و فیرقەی هەشتە. بەشێکی دیکەش دەکەوێتە دەرەوەی سنووری سەربازیی پارێزگای کەرکوک".
زوهێر عەلی دەڵێت، "ئەو زەوییانەی کشتوکاڵیان تێدا راگیراوە 2%ـی رووبەری کشتوکاڵیی کەرکووک پێکدێنن و کاریگەرییەکی گەورەی نییە، بەڵام خێزانەکان زەرەرمەند دەبن کە ئەم زەوییە کشتوکاڵییانە لە بنەڕەتدا هی برا کوردەکانمانن".
لەبارەی کاتی دەرچوونی ئەو بڕیارە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، "پێموایە زۆربەی ئەم زەوییانە دێمین و نەبوونی باران کاریگەری گەورەی دەبێت واتە لە 10 رۆژی داهاتوودا ئەگەر بڕیارەکە دەرچوو و رێگەیان پێدرا بۆ کشتوکاڵ باشە و ئەگەر وا نەبێت ناتوانن ئەم وەرزە بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنن".
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت، ئەگەر تاوەکو دوو رۆژی دیکە راسپاردە نەدرێت، ئەوان داواکارییەکەیان بۆ لیژنەی باڵای مادەی 140 بەرزدەکەنەوە.
دەستەى کێشەى موڵکدارى، وەک لایەنى سێیەم دەخرێتە نێو دۆسیەى یەکلاکردنەوەى سکاڵاى 10 هاونیشتمانیی کورد لە ناحیەى سەرگەڕان و قەزاى داقووقى کەرکووک بۆ گەڕاندنەوەى زەوییەکانیان کە زیاتر لە 80 هەزار دۆنمە. تاوتوێکردنى ئەو دوو سکاڵایە لەکاتێکدایە پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانى عێراقە بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێک کە تایبەتن بە داگیرکردنى زەویى هاونیشتمانیانى کورد و تورکمان لە کەرکووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ