دواکەوتنی بارانبارین؛ بەشێک لە جووتیارانی دهۆک بە ئاوی بیر گەنم ئاو دەدەن و کێشەی کارەبایان هەیە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
هونەر رەشید
جووتیارێک ئیش بە موەلیدەیەکی کارەبایی دەکات. وێنە: رووداو
جووتیارێک ئیش بە موەلیدەیەکی کارەبایی دەکات. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - دهۆک

بەهۆی نەبارینی باران لە کاتی خۆیدا، بەشێک لە جووتیاران بۆ ئاودانی گەنم و دەخڵودان کار بە موەلیدەی کارەبایی و بیری ئاو ئاوی گەنم و دەخڵودانەکەیان دەدەن.
 
خالید محەممەد شاهین جووتیارێکی قەزای سێمێلی سنووری دهۆکە و خاوەنی 2500 دۆنم گەنمە، بە موەلیدە و بیری ئاو دەتوانێت مانگانە تەنیا دوو جار ئاوی 400 دۆنم زەوی بدات، چونکە کەمیی کارەبای نیشتمانی و گرانیی سووتەمەنی رێگرن لەوەی دەخڵودانەکەی خالید و جووتیارانی دیکەی سێمێل تێرئاو ببن.
 
خالید محەممەد شاهین دەڵێت، کارەبای نیشتمانی زۆر کەمە و لە رۆژدا دوو کاژێر و شەوانیش سێ کاژێر هەیە، کەشوهەوای شەو ساردە و کەس ناتوانێت لە شەودا ئاوی گەنم و دەخڵودانەکەی بدات، هەربۆیە ناچار بوون کار بە موەلیدە بکەن بۆ ئیشپێکردنی ترومپای ئاو، ئەوەش رۆژانە 200 لیتر سووتەمەنیی دەوێت. ئەو جووتیارەی سێمێل داوا دەکات کە کێشەی کارەبایان بۆ چارەسەر بکەن، یان سووتەمەنی بۆ موەلیدەکانیان دابین بکەن.
 
عومەر نووری جووتیارێکی دیکەی سێمێلە و باس لەوە دەکات، کەمیی کارەبای نیشتمانیی بارگرانییەکی زۆری بۆ دروستکردوون، بۆ دوو جار ئاودانی 150 دۆنم زەوییش 3500 لیتر سووتەمەنییان بەکارهێناوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئێستا لەتوانایاندا نییە سووتەمەنی بدەنە جووتیاران. موسڵیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، هەماهەنگییان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەبا هەیە بۆئەوەی کارەبا بۆ جووتیاران دابین بکەن بۆئەوەی ترومپای ئاوەکانیان ئیش پێبکەن، ئەوانیش گوتوویانە دەتوانن ئەوکاتەی کە جووتیاران کارەبایان پێویستە، پێیان بدەن، "کارەبای ئەوانیش کشتوکاڵییە نەک بازرگانی و تێچوو لەسەریان کەمترە."
 
لە پارێزگای دهۆک، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ، نزیکەی 900 هەزار دۆنم بە گەنم چێندراوە، تەنیا 200 هەزار دۆنم لەڕێگەی ئاوی بیرەوە ئاو دەدرێن و ئەوی دیکەش ئاودانی بە بارانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە