رووداو - هەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، سبەی چوارشەممە هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی 12 بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە وەزارەت و لیواکانی پیادە دابەش دەکرێت.
هاوپەیمانان ئەو هاوکارییە وەک پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە دابین دەکەن کە مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو هاوکارییە دوای ئەوە دابەش دەکرێت کە هاوپەیمانان پارەکەیان خستە سەر هەژماری وەزارەت.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، دوای تەواوبوونی رێکارە دارایی و ژمێرکارییەکان، سبەی چوارشەممە، 08-01-2024، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
پێشتر هاوکارییەکەی هاوپەیمانان دەدرایە مووچەی لیوا هاوبەشەکان، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، ئەو بڕە پارەیە دابەشی سەر لیواکانی پیادە دەکرێت، جگە لە مووچەکەی خۆیان.
بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لەو هاوکارییە بێبەشن. 4-9-2024، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا روونکردنەوەی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەم گرفتە هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە شێوازی کارکردن و پێدانی هاوکاریی هاوپەیمانان بە یەکە سەربازییەکان."
ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە.
وەزارەتەکە دەڵێت: "ئێستا 37 هەزار و 730 پێشمەرگە و ئەفسەری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن کە ئەوەش قۆناخێکی گرنگە وەزارەتی پێشمەرگە پێی گەیشتووە لە پڕۆژەی هەژماری من، لە هەمانکاتدا بەشێکی دیکەی پێشمەرگە لە رێگەی سیستمی بانکیەوە هاوکاری وەردەگرن و لەکاتێکی نزیکدا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە سیستەم کردنی پرۆژەی هەژماری من کۆتایی دێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ