رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 16:00ـی دوێنێ دووشەممەوە، سیستمی دەروازەی سنووریی خابوور لەنێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان کێشەی بۆ دروستبووە و ئەوەش ئاستەنگی بۆ گەشتیاران دروستکردووە.
سەرچاوەیەک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەکە لای تورکیایە. سیستم لای ئەوان تێکچووە و هەوڵ دەدرێت چاک بکرێتەوە و هاتن ئاسایی ببێتەوە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "کێشەکە تەنیا بۆ هاتنی گەشتیار و ئۆتۆمبێلی تایبەتە؛ رێگای بازرگانی کراوەیە و هیچ کێشەی نییە."
ئیدریس بۆسەلی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و شەوی رابردوو تاوەکو پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دەروازەکە بووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە. ئەو هاونیشتمانییە بە غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 10:00ـی شەوی رابردوو گەیشتمە دەروازەی سنووری خابوور، قەرەباڵخییەکی زۆر هەبوو. کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ لە رێگەی بارهەڵگرەکانەوە لە سنوور تێپەڕین".
ئیدریس بۆسەلی دەڵێت: "زۆربەی ئەو کەسانەی گیریان خواردووە خەڵکی دهۆکن و ژن و منداڵیشیان لەگەڵدایە."
چاوەڕوان دەکرا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ئەو کێشەیە چارەسەربێت. مەسعود محەممەد، هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و ئەمڕۆ لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو گوتی: "سیستم باش نەبووە، قەرەباڵخییەکی زۆر لە دەروازەی خابوور هەیە. هێزی ئەمنی رێگە نادەن خەڵک بەرەو دەروازەکە بڕۆن".
مەسعود محەممەد گوتی، هەزاران ئۆتۆمبێل لە رێگە گیریان خواردووە، ژن و منداڵیان تێدایە و هیچ کەرەستەیەکی گەرمکەرەوەشیان پێ نییە.
مەسعود محەممەد کە بۆ مەبەستی نەشتەرگەری کچەکەی سەردانی تورکیای کردووە، دەڵێت: "دوای بینینی ئەو قەرەباڵخییە ویستم بگەڕێمەوە سلۆپی لە پارێزگای شرنەخ بەڵام نەمتوانی، بۆیە بە ناچاری لەنێو ئۆتۆمبێل ماوین".
لە کۆمەڵگەی ئیبراهیم خەلیل- خابوور، رێگەی هاتن و چوونی گەشتیاران و بارهەڵگر جیایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ